سەردێڕ:

دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان دەتوانن خوێندنی دوو بڕوانامەیی بەدەستبێنن

فۆتۆ: 
2019-06-16

6465 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە گرفتەکانى بەردەم دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان سه‌ختیی به‌ده‌ستهێنانی ئۆفه‌ره‌كانی خوێندنە له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و لەمڕۆوە بە دوو بڕوانامەیى ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر دەبێت.

به‌شێك له‌ خوێندكاران دوای ده‌رچوونیان له‌ كۆلێژ و په‌یمانگاكان، خەون بە بڕوانامه‌ى باڵاترەوە دەبینن و ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش یەکێکە لە دەرفەتەکانى بەردەمیان، به‌ڵام سه‌ختیی به‌ده‌ستهێنانی ئۆفه‌ره‌كانی خوێندن له ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌شێك له‌ خوێندكارانی هه‌راسانكردووه‌.

یەکێک لەو دەرچووانە ناوى هاوارە و زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ زانكۆی ته‌واوكردووه‌، ئاره‌زوو ده‌كات بڕوانامه‌یه‌كی به‌رزتر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ده‌ستبهێنێت و ده‌یان جاریش هه‌وڵی داوه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووە بە ئاواتى خۆى.

هاوار، باسی قورسیی ڕێكاره‌ ڕۆتینییه‌ كارگێڕییه‌كان دەکات، كه‌ چه‌نده‌ بێزاریان كردووه‌ بۆ خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

له‌ هەرێمى كوردستان سه‌دان خوێندكار هەن هەمان چیرۆکى هاواریان هەیە، به‌ڵام تا ئێستا زه‌مینه‌ی لەباریان بۆ نەڕەخساوە بۆ گه‌شه‌پێدانی توانسته‌كانیان‌، كه‌ به‌گوێره‌ی خواستی ڕێكخراوه‌ پیشه‌یی و داكۆكیكاره‌كانی خوێندكاران بێت.

زیاتر له‌ هه‌شت ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر بەرنامەى تواناسازیی خوێندكاران، كه‌ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ خوێندكاران بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ له ‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ڕوون نییه‌، كه‌ی جارێكی دیكه‌ ده‌رفه‌تێكی له‌م چه‌شنه‌ بۆ خوێندكاران ده‌ڕه‌خسێت.

مامۆستایه‌كی زانكۆش گه‌ڕانه‌وه‌ی تواناسازی به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌ پێویست ده‌زانێت.

له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، بۆ چاره‌سه‌ری سه‌ختی ڕێكاره‌ ڕۆتینییه‌كانی خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دەرفەتی خوێندنی دوو بڕوانامەیی له‌ نێوان زانكۆكانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕاگه‌یاندووه‌، واته‌ خوێندکاران دەتوانن لە یەک کاتدا بڕوانامه‌ی دوو زانكۆی جیاواز بەدەستبهێنن.

له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ به ‌شێواز و میكانیزمی جیاواز ژماره‌یه‌كی كه‌م كورسیی خوێندن بۆ خوێندكاران ڕاده‌گه‌یەنرێت و، شێواز و به‌خشینی كورسییه‌كانیش زۆربه‌ی جار گومان لای خوێندكاران دروستده‌كات، کە لەسەر بنەماى توانستى زانستى نییە و دەستتێوەردانى تێدا دەکرێت.

ب.ب