سەردێڕ:

لێپرسراوێکی ئێران نهێنییەکی وڵاتەکەی لەگەڵ سعودیە ئاشکرادەکات

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-16

4462 جار خوێندراوەتەوە

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران ڕایگەیاند، شازادە محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە ڕۆڵی گواستنەوەی نامە بۆ ئێران دەگێڕێت، لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی کەنداو، بەڵام تا ئێستا لێپرسراوانی سعودیە هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر ئەو لێدوانانە نەبووە.

عەبدوڵاهیان کە ماوەیەک پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیشی پێ سپێردراوە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنیی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، "لێپرسراوە ئەوروپییەکان نامەیان لە لایەنی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپەوە، گەیاندووە، تەنانەت کەسێکی وەک محەمەد سەلمان هەمان ڕۆڵی بینیووە لەم ڕۆژانەدا و لە ڕێگەی کەناڵی پەیوەندیدارەوە."

ئەو لێپرسراوە ئێرانییە ئاشکرایکردووە، بەشێک لەو چالاکییانە لەلایەن سعودیە و ئیماراتەوە سەرپەرشتی کراوە، تەنانەت لە لوتکەی دژایەتیکردنەکاندا شازادەی جێنشینی سعودیە پەیامی لە ڕێگەی هەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکەوە گەیاندووەتە دەستی ئێران.

ئاماژەی بەوەش کردووە، محەمەد سەلمان پێی ڕاگەیاندوون، ئەمریکییەکان مکوڕن لەسەر ئەوەی ئێرانییەکان گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن.

عەبدوڵاهیان ئاشکرایکردووە، شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ی ئایاری ڕابردوودا ئەو نامە و پەیامانەی گەیاندووەتە دەستی لێپرسراوە ئێرانییەکان.

ئەو لێدوانانەی ڕاوێژکاری تایبەتی ئەنجومەنی شورای ئێران لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ محەمەد سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە بەرامبەر ئێران، دوای هێرشەکەی ئەم دواییە کە کرایە سەر دوو نەوتهەڵگری دیکە لە بەندەری عومان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ئەو لایەنەیە کە هەمیشە ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا دروستدەکات و هێرش و دەستدرێژی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تارانەوە ئەنجامدەدات.

جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی نایەوێت جەنگ لە ناوچەکەدا دروستببێت، بەڵام ئامادەشە ڕووبەڕووی هەر مەترسییەک ببێتەوە کە بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی.

ع.م