سەردێڕ:

دواى پێنج ساڵ تا ئێستا پڕۆژەى بە دووسایدکردنى ڕێگای کەلار - پەروێزخان دەستیپێنەکردووە

فۆتۆ: 
2019-06-16

513 جار خوێندراوەتەوە

ڕێگاى کەلار بۆ دەروازەى پەروێزخان بەهۆى زۆریی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەسەرى، چەندین چاڵى گەورەى تێکەوتووە و زۆرجاریش ڕووداوى هاتوچۆى لێ کەوتووەتەوە.

ڕێگاکە لە چەندین شوێندا خراپ بووە و پڕیەتى لە چاڵى گەورە، کە زیان بە ئۆتۆمبێلەکان دەگەیەنێت، بەهۆى خۆلادانیش لە چاڵەکانى سەر ڕێگاکە، لە ماوەى ڕابردوودا چەند ڕووداوێکى هاتوچۆ دروستبوون، کە زیانى گەورەى گیانى و مادى لێ کەوتەوە.

خراپبوونى ڕێگاى دەروازەى نێودەوڵەتیى پەروێزخان بەو شێوەیە لەکاتێکدایە، کە دەروازەکە یەکێک لە پڕداهاتترین دەروازە نێودەوڵەتییەکانى هەرێمى کوردستانە و بە وتەى سەرچاوەیەکیش، داهاتى ڕۆژانەى گومرگی مەرزەکە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە، بەڵام بەرپرسانی مەرزەکە دەڵێن، داهاتەکە ڕۆژانە نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن دینارە.

پێنج ساڵ لەمەوپێش بڕیارى بە دووسایدکردنى ڕێگاکە درا، بەڵام بە بیانووى دروستبوونى قەیرانى داراییەوە پرۆژەکە وەک زۆربەى پرۆژەکانى تر ڕاگیرا.

ڕێگاکە لە کەلارەوە تا دەروازەى پەروێزخان ٣٥ کیلۆمەترە، جگە لە زۆریی بارانى ئەمساڵ، سەرپێچیکردنى بەشێک لە شۆفێرى بارهەڵگرەکانى بە هۆکارێکى ترى تێکچوون و خراپبوونى ڕێگاکە دادەنرێت، بەهۆى ئەوەى کە بڕێکى زیاتر لەوەى بۆیان دیاریکراوە بار هەڵدەگرن و بەوەش قورساییەکى زیاتر دەکەوێـتە سەر ڕێگاکان، کە بەم شێوەیە ڕێگاوبانەکان تێکدەچن.

ب.ب