سەردێڕ:

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناکۆکیی قوڵی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە

فۆتۆ: 
2019-06-16

600 جار خوێندراوەتەوە

ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، پرسێکە تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و ئەندامانی لیژنەی یاسایی کۆبوونەوە، تا ڕێگاچارەیەک بۆ ناکۆکییەکان بدۆزنەوە، لەنێو ماڵی شیعە کە لایەنی یەکلاکەرەوەن لە پرسە ئاڵۆزەکان دوو بۆچوون ھەیە.

ھاوپەیمانی بونیاد لەگەڵ ئەوەدایە ھەڵبژاردنەکان دوابخرێت بۆ مانگی چوارى ساڵی داھاتوو، بەڵام رکابەرەکەی کە ھاوپەیمانیی چاکسازییە دەڵێت، دەبێت لە مانگی١١ی ئەمساڵ و لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

کورد تا ڕادەیەک کێشەی لەگەڵ کاتی ھەڵبژاردنەکە نییە، ئەوەندەی تێبینیی ھەیە لە دۆخی ناوچەکانی سنوری مادەی ١٤٠.

بە تێکڕا فراکسیۆنە کوردییەکان ھاوڕان لەسەر بەشداریی پارێزگای کەرکوک و ئاساییکردنەوەى دۆخى ناوچەکان پێش ھەڵبژاردن.

مانگى ١١ى ئەمساڵ بۆ هەڵبژاردن دیاریکراوە، پێشتر دوو جار دواخراوە و دووریش نییە جارێکى تر دوابخرێت، چەند پاساوێکیش بۆ ئەمە ئامادەییان هەیە، لەوانەى نالەباریى رەوشى ئەمنیى هەندێک ناوچە و نا ئامادەیى تا ڕادەیەکیش کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لەڕووی لۆجستییەوە، پەرلەمانیش چاوەڕێی کۆمسیۆن دەکات تا لەسەر ئامادەکارییەکان قسەی کۆتایی بکات.

ع.م