سەردێڕ:

نوێترین لێدوانى باڵیۆزى ئەمریکا لەسەر بەنداوى موسڵ

فۆتۆ: 
2019-06-16

3041 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، بەنداوى موسڵ هیچ مەترسییەکى لەسەر نییە و دانیشتووانى عێراق دەتوانن سوود لە ئاوەکەى ببینن.

ماسیۆ تولەر باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لە لێدوانێکیدا دواى بەسەرکردنەوەى بەنداوى موسڵ ڕایگەیاند، زۆر دڵخۆشە بەوەى ئەمڕۆ بە هاوکاریى ئەمریکی و ئیتاڵى و عێراقییەکان پێکەوە بۆ ماوەى سێ ساڵ لەو بەنداوەدا کاریانکردووە بۆ چاککردنەوەى.

ڕاشیگەیاند، لەمڕۆوە عێراقییەکان دڵنیابن کە بەنداوى موسڵ بێ کێشەیە و دەتوانرێت ببێتە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوە بۆ گەلانى عێراق.

باڵیۆزى ئەمریکا ئاماژەى بەوەش کرد، دواى تەواوبوونى کارى پرۆژەکە لەلایەن تیمى ئەندازیاریى سوپاى ئەمریکى و کۆمپانیاى تریفى ئیتاڵى لە هاوینى ئەمساڵدا، تیمێکى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت لەسەر کەرەستە و پێداویستیی تەکنەلۆجیاى نوێ بۆ بەردەوامى نۆژەنکردنەوەى بەنداوەکە بۆ ساڵانى داهاتوو.

تولەر دووپاتیکردەوە، لەگەڵ گەڕانەوەى بەنداوەکە بۆ دەستپێکردنەوەى بەردانەوەى ئاوى موسڵ و ئیشپێکردنى تۆڕباینەکانى بە شێوەیەکى ئاسایى و کۆنترۆڵکردنى ئاوى لافاو و گلدانەوەى ئاوێکى زۆر، دەتوانرێت بۆ ئاوى خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانى وزەى کارەباش سوودى لێ وەربگیرێت.

بەنداوى موسڵ دەکەوێتە باکورى شارى موسڵ بە دوورى ٥٠ کیلۆمەتر و لەسەر ڕووبارى دیجلە لە ساڵى ١٩٨٦ دروستکراوە و درێژییەکەى سێ هەزار و ٢٠٠ مەترە و بەرزیەکەشى ١٣١ مەترە و گەورەترین بەنداوە لە عێراق و چوارەمیشە لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

ب.ب