سەردێڕ:

​ئێن ئاڕ تی ناوی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ کابینەی نوێ ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-16

49952 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ، سلێمانی ،  کارزان تاریق

بە پێی ئەو زانیارییانەى دەستیکەوتووە، ئێن ئاڕ تی ناوی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ کابینەی نوێی حکومەتى هەرێم ئاشکرا دەکات.

سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، قادر حەمەجان کاندیدی یەکێتی دەبێت بۆ جێگری سەرۆکی ھەرێم و قوباد تاڵەبانی کاندیدی جێگری سەرۆکی حکومەت و رێواز فایەق کاندیدی سەرۆکی پەڕلەمان دەبێت.

هاوکات، حەمەی حەمە سەعید کاندیدی یەکێتی دەبێت بۆ وەزیری رۆشنبیری و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ بۆ وەزیری پلاندانان و مستەفا چاوڕەش وەزیری پێشمەرگە و یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، "دوو وەزیریش دیار نییە وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەویش لەسەر ئەوە وەستاوە ئەو وەزیرە دەسەڵاتی چی دەبێت و دواتر دادەنرێت".

سەبارەت بە سەردانی شاندی پارتی ڕایگەیاند، "ئێمە نەگەیشتوینەتە قۆناغی ئەوەی کاندید بدەینە پارتی، چونکە بابەتی کەرکوک لەنێوانماندا ھەیە و لە رێککەوتنەکەماندا نوسراوە ھاوتەریب لەگەڵ پێکھێنانی حکومەت کار بۆ دانانی پارێزگار دەکرێت".

روونیشیکردەوە، "چاوەڕێی موبادەرەی پارتین لەو بارەیەوە و ئینجا ئێمەش موبادەرە دەکەین و ھاوکاری دەکەین لە دروستکردنی حکومەت".

 ئەوەشی خستەڕوو، "مەسرور بارزانی ئەمڕۆ سیڤی لەپارتی وەرگرتووە  وا بڕیارە کە هاتە سلێمانیش ئێمە سیڤی بدەینێ  بەڵام مەکتەبی سیاسی لیژنەیەکیان دروستکردووە بۆ پێشوازی لە مەسرور بارزانی و شاندەکەی و پێشیان وتراوە لە کۆبونەوەکە بزانن موبادەرەی ئەوان چیە بۆ پارێزگار چونکە ئێمە بەشدار بووین لە دەنگدان بۆ دیاریکردن و راسپاردنی مەسرور بارزانی فەرموو ئەوانیش بزانین چۆن دینە پیشەوە بۆ دانانی ناوێک بۆ پارێزگاری کەرکوک."