سەردێڕ:

شارەزوور.. دیاریکردنى بڕى گەنمى وەرگیراو جوتیارانى نیگەران کردووە

فۆتۆ: 
2019-06-16

1481 جار خوێندراوەتەوە

جوتیاران گەنمەکانیان دروێنە کردووە و لەسەر خەرمانى بەرهەمى ئەمساڵیان وەستاوه‌، بەڵام رێوشوێنەکانى وەرگرتنى گەنم نیگەرانی کردوون.

حکومەت بڕیاریداوە لە یەک دۆنم زەوى حەفتا و پێنج کیلۆ گەنم لە جوتیاران وەربگرێت، دیاریکردنى بڕەکەش جوتیارانى نیگەران کردووە و بە بڕیارێکى نادروستى دەزانن.

جگە لە دواكەوتنى پارەی بەرهەمەكانی ساڵانى رابردوویان، بەشێک لە جوتیاران بە قەرز زەوییان كێڵاوە و دەرمانیان كڕیوە و لە سەرەتاى بەهارى ئەمساڵیشدا بارانبارین و مێرووی زیانبەخشی سن زیانی بە بەرهەمەکەیان گەیاندووه‌.

له‌گه‌ڵ وه‌رزی‌ دروێنه‌دا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی گەنمیش ده‌ستیپێكردووه ‌و زۆربه‌ی‌ کڕیارانی بەرهەمی دانەوێڵەی جوتیارانی شارەزووریش بازرگانانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، به‌شێكی زۆری جوتیارانیش بڕیاریانداوه‌ دانه‌وێڵه‌كه‌یان له ‌بازاڕدا بە هەرزان بفرۆشن.

بەپێى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمساڵ حكومەتی عێراق بڕی ٣٤٠ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، لە دهۆك ١١٢ هەزار تۆن و لە هەولێر ١٠٠ هەزار تۆن و بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیانیش ١٢٨ هەزار تۆن دیاریکراوە، لەكاتێكدا ساڵانی‌ رابردوو وه‌رگرتنی‌ گه‌نم سنوردار نه‌كرابوو.

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ، ساڵی‌ رابردوو لە هەرێمی‌ کوردستان زیاتر له‌ ٩٥٠ هه‌زار ته‌ن گه‌نم به‌رهه‌مهاتووه‌، ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی‌ بگاتە زیاتر لە یەك ملیۆن ته‌ن.

ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ هەرێمی کوردستان گەنم لە پێداویستیی‌ خۆی‌ زیاتر بەرهەمدەهێنێت، حكومه‌تی‌ عێراق ئه‌مساڵ بۆ کڕینەوەی تۆنێک گەنمی پلە یەک ٥٦٠ هەزار دینار و، بۆ پلە دوو ٤٨٠ هەزار دینار و بۆ پلە سێ ٤٢٠ هەزار دیناری دیاریکردووە.

ئ.ر