سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەکاریی چارەنوسى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم ئاشکرا دەکات

ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-15

39615 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت کێشەکانی سەر یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ زیاتردەبن، بەتایبەت ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و پرسی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ.

ئێن ئاڕ تی ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتەی دەستکەوتووە کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە سەبارەت بە پرسی نەوتی ھەرێم.

لە راپۆرتەکەدا کە ئیمزای سەرۆکی لیژنەی دارایی بەسەرەوەیە و لەژێر رۆشنای میوانداریی وەزیری دارایی عێراق و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ لە رۆژی ٢١ی مانگی ڕابردوو نوسراوە و تێیدا ھاتووە، بۆیاندەرکەوتووە ھەرێمی کوردستان ھیچ بڕە نەوتێکی رادەستی سۆمۆ نەکردووە و لە بەرامبەردا مانگانە پارەی فەرمانبەران وەردەگرێت، ئەمەش پێشێلکردنی یاسای بودجەیە، ئەندامێکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، پێشتر سەرۆک وەزیرانیان لەم مەترسییە ئاگادارکردووەتەوە.

بەپێی ناوەڕۆکی راپۆرتەکەش لیژنەی دارایی شەش ڕاسپاردەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، کە بریتین لە:-

یەکەم - سەرۆک وەزیران ناچاربکرێت لە رێگای وەزارەتی داراییەوە تەواوی مادەی ١٠ لە یاسای بودجە جێبەجێ بکات نەک بەشێکی، لە بەرامبەریشدا خۆی بەرپرسیار دەبێت.

دووەم - پرسیار لە ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، بەپێی چ یاسایەک حکومەتی پێشوو پارەی بۆ هەرێم خەرجکردووە لە ساڵی ٢٠١٨دا.

سێیەم - داوا لە وەزارەتی نەوتی عێراقی بکرێت، رێکاری یاسایی دژی ھەموو ئەو کۆمپانیایانە بگرێتەبەر کە نەوتی عێراق، بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراقی دەکڕن.

چوارەم - داوا لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی بکرێت کە ناوەڕۆکی مادەی ١١ لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ بکەن.

پێنجەم - داوا لە ئەنجومەنی وەزیران بکرێت کە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و رێگا نەدرێت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ کاری دیکە خەرجبکرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر حوکمەتی ھەرێم پابەند نەبوو، ئەوا حوکمەتی عێراقی خۆی موچەی ھەرێم دابەش بکات.

شەشەم - پەلە بکرێت لە دانانی یاسای نەوت و غاز لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە ماوەیەک کە نەگاتە وەرزی داھاتووی یاسادانان

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی داراییش دەڵێت، بەھۆی راسپاردەکانەوە ھەوڵێک ھەیە تا رێگری لە ھێنانی ئەم راپۆرتە بکات بۆ ناو پەرلەمان.

ئەگەرچی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ تێپەڕی و بوو بە یاسا، بەڵام لایەنە شیعەکان دەڵێن، لە دەرەوەی پەرلەمان ڕێککەوتن کراوە لەسەر نەوتی ھەرێم و یاساکەش وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، بۆیە داوایان لە لیژنەی دارایی کردووە کە وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیرانیش بانگھێشتی پەرلەمان بکەن، بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر نەوتی ھەرێم و چۆنێتیی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران.