سەردێڕ:

گومان دەکرێت دەستی وڵاتان لە پشت سوتاندنی گەنمی جوتیارانەوە بێت

تائێستا ٤٠ هەزار دۆنم زەویی داچێنراو سوتاوە
فۆتۆ: 
2019-06-13

2165 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک سەرچاوەى ڕۆژنامەوانی ئاماژەیان بەوەکردووە، سوتانى بە لێشاوى دەغڵودانى جوتیاران دەستى وڵاتانى لەپشتەوە بێت بۆ وێرانکردنى ئابورى عێراق.

سوتانى ٤٠ هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراو لە بەشێک لە پارێزگاکانى عێراق، ڕەنجی سەدان جوتیاری بە با دا، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە ئەوان چاوەڕوان بوون جیاواز لە ساڵانى ڕابردوو خەرمانى ئەمساڵیان پڕ بەرەکەتتر بێت.

لە سەرەتاى ئایاری ئەمساڵەوە زنجیرەیەک ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەى سوتانى زەوی بە گەنم چێنراو، پارێزگاکانى کەرکوک، دیالە، نەینەوا، نەجەف، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیوانییە، بابلی گرتەوە و بەهۆیەوە ٤٠ هەزار دۆنم گەنم سوتێنران، تائێستاش دیار نییە کێ لە پشت ئەو ڕووداوانەوەیە.

سەرەڕاى بەرهەمی ناوخۆیی خۆی، بەڵام ساڵانە عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن تەن گەنمی هاوردە دەکرد، تاوەکو پێداویستى ناوخۆیی پێ پڕبکاتەوە.

لەمساڵیشدا بەهۆی زۆری بڕی باران بارینەوە لە هەندێک ناوچەدا بەرپرسانى عێراقی پێشبینى ئەوەیان کرد، بەرهەمی گەنم زیاتر لە سێ ملیۆن تەن تێپەڕێنێت، بەوەش چیتر پێویستى بە هاوردەکردنى گەنم نەدەبوو بۆ پڕکردنەوەى پێداویستی ناوخۆیی.

لە ئێستادا هەندێک سەرچاوەى ڕۆژنامەوانى ئاماژە بەوە دەکەن، سوتانى بە لێشاویی زەوی بە گەنم چێنراو دەستى وڵاتانى دەرەوە و ناوچەکەى لە پشتەوەیە، چونکە بەو هەوڵەیان دەیانەوێت بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی کەمبێتەوە، تاوەکو هاوشێوەى ساڵانى پێشوو عێراق پشت بە هاوردەکردنى گەنم و ئاردی وڵاتانى دراوسێ ببەستێت.

لە ماوەى ڕابردووشدا لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری ئەوەیدا کە، سوتاندنی کێڵگەکانی دانەوێڵە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەرەکیی و ناوەکییە بۆ وێرانکردنی ئابوری عێراق.

ڕۆژى ١٢ى ئەم مانگەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی هەفتانەى خۆیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئاگرکەوتنەوە حاڵەتێکی سروشتییە لە هەموو وڵاتانی جیهان و نابێت رووداوەکە گەورە بکرێت.

هاوکات لەگەڵ سوتانى گەنمی جوتیارانى عێراقی، لە ناوچەى قەحتانییەى حەسەکەى سوریا کە زۆربەى دانیشتوانەکەى کوردن، ناوچەیەکی فراوانی کشتوکاڵی لە باکوری خۆرهەڵاتى سوریا سوتێنراوە کە مەزەندە دەکرێت بە نزیکەى ٧٥ هێکتار زەوی چێنراو بە گەنم.

بە پێی ڕاپۆرتێکى کەناڵی بی بی سی، جوتیارە کوردەکان بەشێک لە رژێمی سوریا و داعش و تورکیا بە سوتانی زەوییەکانیان تۆمەتباردەکەن.