سەردێڕ:

داواكارى گشتى لەسەر تاقیکردنەوەكانى ١٢ى ئامادەیى ئاگادارییەکى بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-06-13

3647 جار خوێندراوەتەوە

داواكارى گشتى هەرێمى کوردستان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕێکارى یاسایى بەرانبەر دوو پەیجى ناڕەسمى بگرنەبەر کەهەواڵى ناڕاستیان بڵاوکردوەتەوە.

لە ئاگادارکردنەوەکەیاندا کە وێنەیەکى دەست دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى کەوتووە ئاماژە بەوەکراوە، دوو پەیجى (زانکۆلاین و فەیسبوکى پۆلیى ١٢) هەستاون بە بڵاوکردنەوەى هەواڵى ناڕاست و ساختە تا ڕۆشنایى بەردەم قوتابیانى پۆلى ١٢ ناڕۆشن بکەن.

ڕونیشکراوەتەوە، "ئەم وڵاتەی ئێمە بەدەست بێ سانسۆڕی و تەشهیر و شێواندنی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت کە هۆکاری سەرەکی نەبوونی فەرەنگی بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانە".

باسى لەوەشکردووە، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی هەستیارترین و چارەنووسازترین قۆناغی خوێندنن، کەچی هەندێک کەس لە ڕێگەی پەیجی فەیسبووکەوە خەریکی شێواندنی باری دەروونی قوتابیانی ئەم قۆناغەن.

داواكارى گشتى داواى لە لایەنى پەیوەندیدار کردووە ڕێکارى یاسایى بەرانبەر ئەو دوو پەیجە بگیرێتەبەر.

ئەم نوسراوەى داواکارى گشتى دواى هەردوو نوسراوى وەزارەتى پەروەردە دێت لەسەر ئەو پرسە کە دوو نوسراویان ئاڕاستەى داواکارى گشتى کردووە.

ب.ب