سەردێڕ:

تورکیا: فشار دەخەینەسەر ئەمریکا چەک لە یەپەگە وەربگرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-13

2897 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بلومبێرگ لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی تورکیاوە بڵاویکردووەتەوە، کە تورکیا فشار دەخاتە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی چەکی قورس لە هێزەکانی یەپەگە وەربگرێتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە نەیویستوە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باسی لەوە کردوە، تورکیا چەند داواکارییەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکا چەکی قورس لە یەپەگە وەرگرێتەوە و شەڕڤانانى یەپەگە ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە سنورەکانەوە دوور بن.

ئاماژەی بەوەش کردوە، تورکیا دەیەوێت ناوچەی دژە فڕین لە باکوری سوریا لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت، بەڵام ئەگەر ئەو گفتوگۆیانەش سەرکەوتوو نەبوون، ئەوا تورکیا خۆی هەوڵ دەدات ناوچەی دژە فڕین دروست بکات.

ماڵپەڕەکە ئەوەشی نوسیوە، گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە پەیوەندی نێوانیان گرژی تێکەوتووە بەهۆی ناکۆکییەکانیان لەسەر کڕینی سیستەمی موشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە.