سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبا: ئەم مانگە ١٧ بۆ ١٨ کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتییان دەدرێت

٣٧٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت
فۆتۆ: 
2019-06-13

13898 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە ١٧بۆ ١٨ کاتژمێر کارەبا بەھاوڵاتییان دەدرێت.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاش ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی کارەبا و چۆنیەتی ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی غازی بەرھەمھێنانی کارەبا و کارۆ ئاوی لەھەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، لە ئێستادا بەتێکڕا ٣٥٧٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنرێت.

باس لەوەکراوە، بەم بڕە کارەبایە و بەرەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ھەڵکشانی خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا بۆ پێنج ھەزار مێگاوات، وەزارەتی کارەبا دەتوانێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگە ١٧- ١٨ کاتژمێر کارەبا بدات بە ھاوڵاتییان.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە، شەش کاتژمێرەکەی دیکەش لە رێگەی موەلیدەی ئەھلیەوە کارەبا بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.

هاوکات، داوای لەھاوڵاتیان کردووە ھاوکاریان بن لەکەمکردنەوەی زیاد بەکارھێنانی کارەبا، چونکە لە وەرزی ھاویندا بارگرانیەکی زۆر دەکەوێتە سەر وێستگە و گۆڕەرو تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا و بەھۆیەوە زۆرجار بەپێی پێویست ناتوانرێت کارەبا بگەیەنرێتە ھەموو ھاوبەشانی کارەبا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەتەوە، ساڵانەش لە وەرزی گەرمادا پێدانی کارەبای نیشتیمانی کەمدەبێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هۆکارەکەی بۆ زۆری خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبای نیشتیمانی دەگەڕێننەوە.