سەردێڕ:

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ئۆپیک هەوڵدەدات ڕێژەی بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-13

1070 جار خوێندراوەتەوە

وێڕای جەختکردنەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک لە درێژەدانیان بە هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستێکی نزمدا، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی خواست و زیادبوونی لەناکاوی نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا و ئاڵۆزیی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا، سەرلەنوێ نرخی نەوت ناجێگیرى بەخۆوە بینى.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەرمیلێک نەوتی برنت لە دەوروبەری ٦٠ دۆلاردایە و بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بۆ ئاستی ٥١ دۆلار دابەزیوە.

پەیمانگای پتڕۆڵی ئەمریکا ڕایگەیاند، نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا بە قەبارەی چوار ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ماوەی هەفتەیەکدا زیادیکردووە و بووەتە نزیکەی ٤٨٣ ملیۆن بەرمیل، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی نرخی نەوت.

سوهەیل ئەلمەزروعی وەزیری وزەی ئیمارات ڕایگەیاند، ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

بە وتەی وەزیری وزەی ئیمارات، پێویستە لانی کەم ڕێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆریش نەبێت، دەبێت لانی کەم تا کۆتایی ئەمساڵ درێژەی هەبێت، تا ڕێگە بگیرێت لە دابەزینی زیاتری نرخەکەی.

ناکۆکیی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکاش هۆکارێکی تری دابەزینی نرخی نەوتە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی زنجیرەیەک سزای تری کردووە بەسەر کەلوپەلە هاوردەکانی چیندا ئەگەر لە لوتکەی گروپی ٢٠دا، کە لەم مانگەدا سازدەکرێت نەگەنە ڕێککەوتنێکی بازرگانی.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردووش ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک لە شاری جەدە لە سعودیە کۆبوونەوە و بڕیاریاندا، بۆ ماوەی شەش مانگ، کە تا مانگی حوزەیران دەخایەنێت، بەرهەمی نەوت بە قەبارەی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەمبکاتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە سعودیە و ئیمارات نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لە بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی ئەمبارکراو لەسەر ئاستی جیهان، کە ئەوەش ناجێگیریی لە بازاڕەکانی نەوتدا دروستکردووە و نرخەکەی دابەزاندووە.

بەپێی بەیاننامەکانی ئۆپیک، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سعودیە ڕۆژانە ئاستی بەرهەمی خۆی لە نەوت بە قەبارەی ٥١٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە و بووەتە نزیکەی ٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل.

وەزیری دارایی ڕوسیاش پێیوایە، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ٣٠ دۆلار دائەبەزێت ئەگەر ڕێکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی نەگەنە ڕێککەوتنێکی جیهانی سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان.