سەردێڕ:

بەشێک لە منداڵان لە بازاڕەکاندا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کاردەکەن

فۆتۆ: 
2019-06-13

961 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە منداڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کاری قورس دەکەن.

 بازاڕ پڕبووە لە هاوار و دەنگی ئەو منداڵانەی کاردەکەن، بەشێکیان ھاوار بۆ فرۆشتنی عەلاگە دەکەن و ھەندێکیشیان بە فرۆشتنی ئاوەوە سەرقاڵن، بێجگە لەو منداڵانەی بە کاری قورسەوە رۆژەکەیان بەڕێدەکەن.

منداڵان بەشێکیان ناچار بە ئیشکردن دەکرێن و بەشێکیشیان بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانیان کاردەکەن،  مێردمنداڵێکیش لە بەیانییەوە تا ئێوارە بە عارەبانەیە کاردەکات لەپێناو پەیداکردنی بژێویی رۆژانەیدا، ئاگاداری ئەوەش نییە ڕۆژێک هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان.

بەپێی یاسا، کارکردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ نایاساییە، بەڵام ھیچ سزایەک نییە بۆ ئەو کەسانەی سەرپێچیی یاساکە دەکەن، لەکاتێکدا وەک لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، کارکردن بە منداڵان، کاریگەریی لەسەر کەسایەتییان دەبێت و زیان بە ئێستا و داھاتوویان دەگەیەنێت.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٢٠ ھەزار منداڵ لە ھەرێمی کوردستاندا کاردەکەن لەناو بازاڕ و شوێنە جیاوازەکاندا، چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤیش هۆشداری دەدەن لە خراپیی دۆخی منداڵان و پێشێلکردنی مافەکانیان.

رۆژی ١٢ی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک وەک رۆژی جیھانیی روبەڕوبوونەوەى کارکردنى منداڵان دەستنیشانکراوە، بەڵام لە ھەرێم بە بێدەنگی ڕۆژەکە بەڕێکرا و چالاکی بەو بۆنەیەوە ڕێکنەخرا، هیچ هەڵمەتێکیش بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان بەڕێوەنەچوو.