سەردێڕ:

​ ​سعودیە.. بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا یانەیەکى شەوانە دەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-12

10239 جار خوێندراوەتەوە

زنجیرەى یانە شەوانەکانی وایت ڕایگەیاندووە، یانەیەکى شەوانەی گەورە لە شاری جەدەى سعودییە دەکاتەوە و ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ڕێگە بە کارێکی وا بدرێت.

زنجیرەى یانە شەوانەکانی وایت لەسەر ئەکاونتی تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، پێنجشەممەى داهاتوو یانەکە دەکرێتەوە و لە یەکەم ئاهەنگیدا لە یانەکەدا هونەرمەندی جیهانیی (نیو) بەشدار دەبێت.

ڕێگە نادرێـت بە کەسانى خوار تەمەن ١٨ ساڵ بچنە ناو یانەکەوە و هەفتانەش لە کاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە تا ڕۆژى شەممان دەکرێـتەوە.

باس لەوەشکراوە، بلیتی چوونە ژورەوە بە ٥٠٠ ڕیاڵی سعودییە  کە دەکاتە نزیکەى ١٣٣ دۆلاری ئەمریکی.

بەرپرسانی سعودییەش ڕایانگەیاندووە، " یانەکە ناوی قاوەخانەیە و بە پێی پێوەرە ئیسلامییەکان دەکرێتەوە و لە بری مەی ئاومێوە و جۆرە خواردنەوە حەڵاڵەکانی تێدا پێشکەشدەکرێـت".

ماڵپەڕی حوڕەش لەسەر بابەتەکە ڕایگەیاندووە، چەند وێنە و ڤیدیۆیەک بڵاوبوونەتەوە گوایە یانەکەیە و دەردەکەوێت سەکۆی سەما و چەند شوێنێکى تایبەتی تێدایە.

هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو هەنگاوەیان بەوە وەسفکردووە کە کارێکی باش و کرانەوەیە و، هەندێکی تریش دژبە بنەماکانی مێژووى حکومەتى سعودییە ناویانبردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەوەتەى محەمەد سەلمان بووەتە شازادەی جێنشین، سعودیە چەند هەنگاوێکى ناوە بۆ نزیکبوونەوە لە کەلتوری ڕۆژئاوا.