سەردێڕ:

وردەکاری ڕووداوی کوشتنى کەسێک لە هەولێر لەسەر ڕووداوی هاتوچۆ

فۆتۆ: 
2019-06-12

9210 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژی ١١ی مانگ لە چواڕیانی باز لە شەقامی ١٠٠ مەتری لە هەولێر بەهۆی رووداوی هاتوچۆی دوو ئوتومبێل کە زیانی كەمیان پێ گەیشت، بەڵام دەمەقاڵێ لە نێوان هەردوو شۆفێرەكەدا دروستبوو، لە ئەنجامدا یەكێك لە شۆفێرەكان دەمانچەیەكی بێ مۆڵەت دەردێنێت و شۆفێری بەرامبەر دەكوژێت، دوای چەند كاتژمێرێكیش لە رووداوەكە بكوژەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد.

ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و بووە قسە و باسی ناو هاوڵاتییان، دوای خۆڕادەستکردنی تۆمەتبارەکەش، پۆلیسی هەولێر بەپێی مادەی ٤٠٦ کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس ئەو چەکەی لە ڕووداوەکەدا تەقەی پێ کراوە بێ مۆڵەت بووە، ئەوەش لەکاتێکدایە زیاتر لە سێ مانگە وەزارەتی ناوخۆ دەستیکردووە بە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.

بەشێک لە هاوڵاتییان داوادەکەن وەرگرتنی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن کەمبکرێتەوە، پارێزەرێکیش بە پێویستی دەزانێت یاسای مۆڵەتپێدانی چەک هەڵگرتن هەمواربکرێتەوە.

ئێن ئاڕ تی بۆ وەرگرتنی وردەکاریی ڕووداوەکە پەیوەندیی کرد بە کەسوکاری هیشام ئیسماعیلەوە، بەڵام ئامادەنەبوون قسە بکەن.

ساڵێک پێش ئێستا لە هەولێر گەنجێک بە ناوی نەبی عەزیز لەسەر دەستشکاندنەوە بە ئۆتۆمبیل لەلایەن کەسێکەوە، لە بەرچاوی دایک و باوکی لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٦شدا، بارزان ڕەشید لەسەر فول لێدانی لایتی ئۆتۆمبیل کوژرا، لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا تۆمەتباری ڕووداوەکە بە زیندانی هەتا هەتایی سزادرا.