سەردێڕ:

​ئێران داوای لە ژاپۆن کردووە ببێتە نێوەندگیری نێوان تاران و واشنتۆن

حەسەن رۆحان: پابەندین بە ڕێککەوتنى ئەتۆمییەوە
فۆتۆ: 
2019-06-12

2160 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن رۆحانى سەرۆک کۆمارى ئێران رایگەیاند، ئێران پابەندە بە رێککەوتنى ئەتۆمى و دەستپێشخەریى شەڕ ناکات، چەند بەرپرسێکى ئێرانیش دەڵێن، وڵاتەکەیان داوا لە سەرۆک وەزیرانى ژاپۆن دەکات نێوەندگیری بکات لە نێوان تاران و واشنتۆندا.

رۆحانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا لەگەڵ شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانى ژاپۆن، کە بە سەردانێک لە ئێرانە، ئاماژەى بەوە دا، رێککەوتنى ئەتۆمى گرنگە بۆ ئاسایشى جیهان و ناوچەکە، تاران و تۆکیۆ دژى چەکى ئەتۆمین، ئێران دەستپێشخەرى ناکات لە دەستپێکردنى جەنگ، بەڵام وەڵامى هەر هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەرى.

رۆحانى وتیشى، وەستاندنى شەڕى ئابوورى بەرەوپێشچوونێکى ئیجابییە بۆ ناوچەکە و جیهان.

لاى خۆیەوە سەرۆک وەزیرانى ژاپۆن رایگەیاند، وڵاتەکەى لەگەڵ سەرهەڵدانى شەڕێکى نوێدا نییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر و دوورکەوتنەوە لە هەڵگیرسانى شەڕ.

هاوکات چەند بەرپرسێکى ئێرانى بە ئاژانسى رۆیتەرزیان راگەیاندووە، وڵاتەکەیان داوا لە سەرۆک وەزیرانى ژاپۆن دەکات نێوەندگیری بکات لە نێوان تاران و واشنتۆندا، بۆ سوککردنى ئەو سزایانەى ئەمریکا بەسەر کەرتى نەوتى ئێراندا سەپاندویەتى.

بەهۆى سزاکانى ئەمریکاوە هەناردەى نەوتى ئێران بە رێژەیەکى بەرچاو دابەزیوە و ئامانجى ئەمریکا ئەوەیە هەناردەى نەوتى ئەو وڵاتە بگەیەنێتە سفر.