سەردێڕ:

دۆخی ئەمنیی سلێمانی کێشەی بۆ خەڵک و بەشێک لە لایەنەکان دروستکردووە

فۆتۆ: 
2019-06-12

5629 جار خوێندراوەتەوە

ڕووداوەکانى تەقەکردن و کوشتن و هەڵکوتانەسەر بارەگای حزبەکان لە ناوەندى پارێزگاى سلێمانیدا چەندین گرفتی بۆ دۆخی ئەمنیی شارەکە و، ژیانى خەڵک دروستکردووە.

لە چەندین ڕووداوى جیاجیادا لە شارى سلێمانى تەقەکردن و کوشتنى بەئەنقەست و لێدان و دزیکردن تۆمارکراون، بۆ نموونە، شەوی ١٠ى ئەم مانگە ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان كرد لە سلێمانی و بەهۆیەوە پاسەوانێکى مەکۆکە کوژرا، بەڵام پۆلیس ڕەتیکردەوە تەقە لە بارەگای سەرەکیی بزووتنەوەکە کرابێت.

شەشى ئەم مانگەش چەند کەسێک تەقەیان بە ئاراستەى سیتى سینەما لە شارى سلێمانى کرد و، بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون.

ڕۆژی ١٢ی ئازارى ئەمساڵیش، باندێکى حەوت کەسی موچەى کارمەندانى نەخۆشخانەی شاریان دزی و دواتر دەستگیرکردنیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە راگەیەندرا.

یەکێکى دیکە لە تاوانەکان لە شارى سلێمانیدا بەرامبەر هاوڵاتییەک کرا بە ناوى تاریقى بەقاڵ، کە دواى نزیکەى پێنج مانگ لە دیارنەمانى رۆژی ٧ی نیسان، ئاسایشى سلێمانى ڕایگەیاند، بە مەبەستى بردنى ئۆتۆمبێلەکەى لەلایەن گروپێکەوە کوژراوە.

شەوی ١٠ى ١٢ى ٢٠١٨ش گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی مەریوان دارا لە دووکانەکەی باوکیدا لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی کوژرا، لەلایەن هەمان باندى بکوژانى تاریقى بەقاڵەوە.

شەوی ‌١٢ى ئایارى ٢٠١٨ش بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، لەلایەن هێزێکی یەکێتییەوە تەقە لە بارەگاى سەرەکیى بزوتنەوەى گۆڕان کراوە لە گردى زەرگەتە.

٢٣ی تەموزى هەمان ساڵ لە ئۆتۆمبێلێکەوە تەقە لە ئۆفیسی سەرەکیى جوڵانەوەى نەوەى نوێ کرا لە سلێمانی و پێنج فیشەک بەر دوو نهۆمی بیناکە کەوت.

لە کۆتایی ساڵی رابردووشەوە تاوەکو سەرەتای ئەمساڵ هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانى تەڤگەرى ئازادی و سەرجەم بارەگاکانیان پێ داخستن، بە بیانووى ئەوەى ئەو حزبە مۆڵەتى فەرمیی لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمەوە وەرنەگرتووە، ئەم رێکارە ئەمنییە لە هەموو قەزا و ناحیەکانی پارێزگای سلێمانیدا جێبەجێ کرا.

رەخنەگران و پسپۆڕانی دۆخی ئەمنی هۆکاری ئەم کێشانە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە دەزگا ئەمنییەکان لە هەرێم سەربەخۆ و بێلایەن نین و، لە چوارچێوەی حزبدا کاردەکەن و، لەکاتی ئاڵۆزیی سیاسیدا تێکەڵ بە ململانێکان دەکرێن و بەشێکیشیان بە شەخسی کراون و، فەرمان لە بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان وەردەگرن و وەلائیان بۆ ئەو کەسانە هەیە.

لە بەرامبەریشدا لایەنە ئەمنییەکان بەردەوام دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدەن کە شارەکە ئارامە و هێزەکانیان هەمیشە لە هەوڵى دەستگیرکردنى سەرپێچیکارانی یاسان و کار بۆ سەقامگیریی ئەمنی دەکەن.