سەردێڕ:

لیژنەی مافی مرۆڤ ئاماری زیندانیکراوەکانی عێراقی ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2019-06-12

1096 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار شاوەیس ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ میوانداریی بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاکسازییەکان و زیندانیکراوانی عێراقیان کردووە و دەرکەوتووە، کۆمەڵێک دۆسیە هەیە پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە و ئەوەش بە دانانی وەزیری داد یەکلایی دەکرێنەوە.

بەختیار شاوەیس ئاماژەی بەوە کرد، وەک مافی مرۆڤ داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، کاندیدێک پەسەندبکات بۆ پۆستی وەزارەتی داد، بۆئەوەی بەشێک لەو کێشانە چارەسەر ببێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی زۆریی زیندانیکراوەکانەوە، دۆخی زیندانەکان پێویستی بە پێداچوونەوەی مامەڵە هەیە لەگەڵ زیندانیکراوەکان و کەسوکاریان و پێداویستییەکان لەڕووی خواردن و خواردنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا لە عێراقدا ٢٨ گرتووخانە و زیندانی هەیە، سەرجەمیان ٣٦ هەزار و ٧٤٢ کەسیان بە تۆمەت و تاوانی جیاجیا تێدا ڕاگیراوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ ئاشکرایکرد، لەو ژمارەیە هەزار و ٤٤٢ کەسیشیان سزادراون.

لە کۆی ئەو کەسانەی کە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە بە مادەی تیرۆر، ژمارەیان گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ٧٠٠ کەس، کە دەکاتە نزیکەی ٥٥%ی سەرجەم زیندانیکراوە حکومدراوەکان، هەروەها هەزار و ٩٠٠ کەسیشیان بە تاوانی جیاجیا کە هاووڵاتی بیانین.

لە دوای دروستبوونی ڕێکخراوی داعش و پێشتریش بەهۆی کردەوە توندوتیژییەکانی ڕێکخراوی قاعیدەوە، ژمارەیەکی زۆر بە تۆمەتی ئەندامبوون لەو ڕێکخراوانە لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە بە یاسای تیرۆر دادگایی کراون و سزای زیندانیکردنی قورس یان لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ع.م