سەردێڕ:

دهۆک.. تەرمی کچە دە ساڵانەکە بەخاکسپێردرا

کەیسی کوشتنی دلین
فۆتۆ: 
2019-06-12

8884 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک تەرمی دلینی تەمەن ١٠ ساڵان لە مزگەوتی جودیی شارەکە شۆردرا و دواتر لەلایەن خانەوادەکەی و کەسوکارییەوە بەخاکسپێردرا.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی دلین لەلایەن پزیشکی دادی پارێزگای دهۆکەوە ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و، دواتر لە گۆڕستانی شاخکێ بەخاکسپێردرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی دلین دەستپێبکات و نزیکەی ١٥ پارێزەر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، بە خۆبەخشانە کەیسی کوشتنی دلین وەربگرن.

دلین دووەم رۆژى جەژن، لەگەڵ برا و ئامۆزاکەی بە ماڵاندا گەڕاون بۆ کۆکردنەوەى جەژنانە، لەکاتى گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لەلایەن دراوسێیەکى پێشوویانەوە دەڕفێنرێت، دواى سێ رۆژ تەرمەکەى لە نزیک یاریگاى دهۆک دۆزرایەوە.

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەرى پۆلیسى دهۆک لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە دووەم ڕۆژى جەژنى ڕەمەزاندا دلین وەلیدى تەمەن ١٠ ساڵان لەگەڵ برایەکى و کوڕى مامێکى چوونەتە دەرەوە و، دواتر براکەى و ئامۆزاکەى گەڕاونەتەوە ماڵەوە و دلین نەگەڕاوەتەوە.

تۆمەتبارەکە كوردی شاری موسڵە و چەند ساڵێكە لە شاری دهۆك دەژی، تەمەنی ٤٧ ساڵە و باوکى ٣ منداڵە، پۆلیس دەڵێت پێشینەی تاوانکاریی هەبووە و چەند ساڵێک پێشتریش لەسەر دۆسیەیەکی دیکە دەستگیرکراوە.

دلین یەكەم مناڵ نییە لە دهۆك بەم شێوەیە کۆتایى بە ژیانى دەهێنرێت، ساڵى ٢٠١٦ش میناى تەمەن هەژدە مانگ لەلایەن گەنجێکەوە کوژرا و دواتر بکوژەکەى لەسێدارەدرا.

ع.م