سەردێڕ:

عێراق کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی پەنابەران لە ئەڵمانیا دەکات

ئەوانەی خۆویستانە دەگەڕێنەوە
گردبوونەوەی پەنابەرانی عێراق لە ئەڵمانیا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-12

7423 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابەرانی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی گەڕانەوەیان.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاویکردەوە، نەوفەل بەها موسا ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ بریکاری وەزیری گەشەپێدانی ئابوریی ئەڵمانیا کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە، دەربارەی هاریکاری و هەماهەنگی بۆ گێڕانەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ماڵ و حاڵیان تێکچووە و ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە.

داواشی لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ پەنابەرە عێراقییەکان بکەن.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جەختیشی کردەوە، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی عێراقی ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە و کێشەی زۆریان هەیە، بۆ چارەسەرکردنیان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا هەماهەنگی دەکەن بۆ پشتیوانیکردنیان بۆ گەڕانەوەی خۆویستانە بۆ وڵاتی خۆیان، بە تایبەت ئەوانەیان کە داخوازیی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.

لە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕێکخراوی داعش چەند شار و ناوچەیەکی عێراقی کۆنترۆڵکرد، بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ مانەوە، بەشێکیشیان ڕێگەی دەرەوەیان گرتەبەر و ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، بەتایبەت کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا حکومەتی ئەڵمانیا دەرگای کۆچی کردەوە بۆ وڵاتەکە و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی عێراقی و سوری ڕوویان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە کرد.

ع.م