سەردێڕ:

تەرمی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە سوریاوە گەڕێندرایەوە تاران

حاجی حەیدەر و قاسم سلێمانی
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-06-12

7410 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کوژرانیدا ئەمڕۆ فەرماندەی لیوای "زەینەبییەکان" لە سوریاوە گەڕێندرایەوە تاران، کە پێشتر لە شاری حەمای سوریا کوژراوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە (١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ ئەو فەرماندەیە، ناسنامەکەی ناسراوەتەوە و بڕیاریشە سبەینێ پێنجشەممە لە تاران بە خاک بسپێردێت.

هەرچەندە ئاژانسەکە باسی چۆنێتی کوشتنەکەی نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە، تەرمی ئەو فەرماندەیە سەری و دەستەکانی پێوە نەبووە کە گەڕێنراوەتەوە ئێران.

وەک ئاژانسە ئێرانییەکە بڵاویکردووەتەوە، محەمەد جەنتەتی کە بە "حاجی حەیدەر" ناسراوە، فەرماندەی لیوای زەینەبییەکان بووە، کە پێکهاتوون لە جەنگاوەرە پاکستانییەکانی ناو سوپای پاسداران و لە لایەن فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانەوە ڕاهێنانیان پێکراوە، بۆ شەڕکردن لە ناوخۆیی سوریا.

ئەو فەرماندە ئێرانییە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٧ لە ناوچەی تەل تورابی پارێزگای حەما کوژراوە و ئەو کات قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای پاسداران لە بارەیەوە ڕایگەیاندبوو "یەکێک بووە لە هەرە باشترینەکان لە دەوروبەرم".

لە دوای بەرەو لاوازبوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و نزیکبوونەوە لە ڕوخان، هەریەکە لە ڕوسیا و ئێران بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتیوانی و کۆمەکی دەسەڵاتەکەیان کردوو بە تەواوی زیندوویانکردەوە.

 لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا و دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی سوریا لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە، سوپای پاسداران بەشێوەیەکی کرداری هێز و ڕاوێژکار و توانا سەربازییەکانی خۆی ڕەوانەی سوریا کرد، بۆ ئەوەی شانبەشانی سوپای سوریا و گروپە چەکدارە هاوکارەکانی بجەنگن.

ع.م