سەردێڕ:

بەرگرى شارستانى گەرمیان: لە ٤٠ ڕۆژدا ٥١٢ ڕووداوی ئاگركەوتنەوە هەبووە

فۆتۆ: 
2019-06-12

749 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى بەرگرى شارستانى گەرمیان ئاشکرایکرد، لە ماوەى ٤٠ ڕۆژى ڕابردوودا ٥١٢ ڕوداوی ئاگركەوتنەوە لە سنورەکە هەبووە کە زۆربەى دەغڵودان و پوشوپاوەنن.

نیعمەت جومعە بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند لەو ماوەیەدا ٤٣ هەزار و ٥٦٠ دۆنم دەغڵودان و لەوەڕگە و پوش وپاوەن و باخ سوتاون، هاوکات دەیان هەزار دۆنم دەغڵودان و لەوەڕگە و پوشو و سەدان دۆنم باخ، دوو کێڵگەى پەلەوەری و دوو دەڕاسە و پەنجا تەن گەنم لە سوتان ڕزگارکراون.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو  ئاگرانەى لە سنوری وڵاتی ئێرانەوە دێن جێگەی گومانن، ئەو ئاگرانەشى لە سنورى دیالەوە دێن دەستێکیان لە پشتەوەیە.

وتیشی، بەشێک لە هۆکارەکانى ئاگرکەوتنەوە ئەوەیە، کاتێک جوتیارەکان ئاگر بەکاردەهێنن بۆ پاکردنەوەی زەوییەکانیان، هەندێکجار لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و تەشەنە دەکات و ناچار پەنا دەبرێتە بەر بنکەکانى ئاگرکوژێنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەى مانگى ڕابردوودا بەشێکى زۆر لە دەغڵودانى جوتیارانى کورد لە سنورى گەرمیان کەرکوک و خانەقین و مەخمور سوتێنراون، جوتیارانی کوردیش داوا لە سەرکردایەتیى سیاسیی کورد دەکەن لە بەرامبەر سوتانى دەغڵودانەکانیان بێنە دەنگ.

ئ.ر