سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕاسپارد

پرسی پێکهێنانی حکومەت
فۆتۆ: 
2019-06-12

3786 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان، مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم ڕاسپارد.

دوای ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، مەسرور بارزانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە، "هەوڵ دەدەم بە هاوکاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە کابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریکراودا، پێکهاتەی کابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی کوردستان".

سەرۆکی ڕاسپێردراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا  ئاماژەی بەوە کردووە"سوپاس و پێزانینم ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان، بە هەموو فراکسیۆنەکانەوە دەکەم بۆ ناوزەدکردنم و سوپاسی بەرێز سەرۆکی هەرێم دەکەم بۆ ڕاسپاردنم بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵ دەدات  بە هاوکاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە کابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریکراودا پێکهاتەی کابینەی نۆیەم بخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، تاکو هەرچی زووتر بتوانرێت خزمەتێکی شایستەی گەل و نیشتمانمان دەستپێبکەن. هیواشی خواستووە هەموو لایەنە پەیوەندارەکان هاوکاریان بن بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین.

دواى تێپەڕبوونى هەشت مانگ و نیو بەسەر هەڵبژاردن، کاندیدى پارتى بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەم لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە بە ٨٧ دەنگ دیاریکرا.

مەسرور بارزانى کە جێگەى نێچیرڤان بارزانى گرتەوە، متمانەى پەرلەمانتارانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و سۆسیالیست و پێکهاتەکانى بەدەستهێنا.

سەرۆکی دیاریکراوی حکومەت دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا سیڤیی ئەندامانى کابینەکەى ئاراستەی پەرلەمان بکات، تا لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان چوار لایەنی سیاسی بەشدارن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکان، بەڵام تا ئێستا هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەدەست پارتیدایە و دیارنییە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کەی دەدرێتەوە بە یەکێتی، کە بەپێی ڕێککەوتنەکان پشکی ئەوانە.

ع.م