سەردێڕ:

پۆلیسى هەولێر: تاوانباری کوشتنى شۆفێرەکەى دوێنێ دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2019-06-12

8450 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، "تاوانبارى کوشتنى شۆفێرەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵێنەوەى لەگەڵدا دەکرێت".

عەبدولخالق تەڵعەت لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لەسەر شێوازی ڕووداوەکە ئاماژەی بەوەکرد، "دوای ئەوەی شۆفێری هەردوو ئۆتۆمبێلەکە لە ئۆتۆمبێلەکانیان دێنە خوارەوە دەبێتە کێشەیان، دەرئەنجام تاوانبار محەممەد عەبدولعەزیز، کە دانیشتووی سێبیرانە بە دەمانچە هاوڵاتییەکەی دیکە بەناوی هیشام ئیسماعیل دەکوژێت".

ڕوونیشیکردەوە، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە و گەڕان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری دۆسیەکە، تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە، بە پێی ماددەی ٤۰٦ دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رێکاری توندی بەرامبەر دەگرنەبەر.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا عەبدولخالق تەڵعەت دەستگیرکردنی دوو تاوانباری دیکەی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، "دوو تاوانبار دانیشتووى هەولێر بە چەندین تۆمەت دەستگیرکراون و کە ڕێگرییان لەخەڵک کردووە و بە ناوى ئاسایشەوە خۆیان ناساندووە و ناسنامەیان لە هاوڵاتییان وەرگرتووە."

ڕوونیشیکردەوە، "دوو تاوانبارەکە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و دەستیشیان بەسەر دەمانچە و کڵاشینکۆف و چەندین مۆبایل و ئۆتۆمبێلى ساختەدا گرتووە."

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ بەهۆی پێکدادانی دوو ئوتۆمبێلەوە لە  جۆری کیای سپۆرتاج و کراسلەر لە هەولێر، کێشە لە نێوان دوو شۆفێر دروستبوو و لە ئەنجامدا یەکێکیان تەقەى لەوی دیکەیان کرد و کوشتى.