سەردێڕ:

تڕەمپ نامەیەكی لە كیم جونگ ئونەوە پێگەشت

فۆتۆ: 
2019-06-12

3723 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئاشکرایکرد، نامەیەکى لە کیم جونگ ئون سەرۆکى کۆریاى باکورەوە پێگەیشتووە و  ناوبراو بەڵێنەکەی خۆى بردووەتەسەر.

دۆناڵد تڕەمپ لە کۆشکى سپی بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاندووە،  كیم جونگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور دووپاتیكردووەتەوە كە بەڵێنەكەی خۆی بردووەتە سەر و هیچ تاقیکردنەوەیەکی ناوەکیی یاخود موشەکی مەودا فراوانی نەکردووە.

تڕەمپ بە بێ ئەوەى ئاماژە بە ناوەڕۆکى نامەکە بدات باسی لەوەکردووە، دۆخێکى ئەرێنى لەگەڵ پیۆنگیانگدا ڕوودەدات.

 هاوکات جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەکرێت کۆبوونەوەی سێیەمی نێوان تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون ساز بکرێت ئەوەش بەندە بە پیۆنگیانگەوە، ئەگەر ئامادە بێت ئەوا واشنتن ئامادەی ئەنجامدانى کۆبوونەوەکەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا یەکەم کۆبوونەوەى لوتکەى نێوان سەرۆکى ئەمریکا و سەرۆکى کۆریاى باکور لە وڵاتى سەنگاپورە بەڕێوەچوو، سەرەتاى ئەمساڵیش بۆ دووەمجار کۆبوونەوە، بەڵام لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمییەوە نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک.