سەردێڕ:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: مانەوەمان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵی بووە

فۆتۆ: 
2019-06-12

777 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هیچ بنکەیەکی راهێنانی تایبەتمەندییان لە عێراقدا نیە، جەختیشکردەوە کە مانەوەیان لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە.

کریستۆفەر کیگا، یاریدەدەری فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژە بەوەکردووە، "مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ بووە و ئێمە هیچ بنکەیەکی راهێنانی تایبەتیمان نیە، هەروەها هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربەخۆشمان لە عێراق نەکردووە".

باسی لەوەشکردوە، "هێزەکانمان بەسەر بنکەکاندا دابەشکردووە و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەرکیان پێ سپێردراوە، لەبەر ئەوەی ئەوە ئەرکێکی هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە فیدڕاڵییەکانە کە عێراق لە مەترسییەکانی داعش بپارێزن و ئاسایشی وڵات بەهێز بکەنەوە".

لێدوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە، بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە تایبەت لایەنە شیعەکان چەندینجار داوایان لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کردووە کۆتایی بە ئەرکی سەربازییان لە عێراق بهێنن و هێزەکانیان بۆ دەرەوەی عێراق بگوازنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیاسایەکیان پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە زیاتر لە ٧٠ وڵات پێکدێت، بە ئامانجی هێرش و پشتیوانی سەربازی دژ بە چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا هاوینی ساڵی ٢٠١٤ دامەزرا.

هەروەها ڕۆژی ٢٣ی ئازاری ئەمساڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دوا پێگەی ڕێکخراوەکە لە گوندی باغۆزی ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند.

هـ.ع