فۆتۆ:
2019-06-12
1953 جار خوێندراوەتەوە
ماوە هەفتەیەکە ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی قەزای چۆمان لێڵە و ناتوانن بۆ خواردنەوە بەکاریبهێنن و بەناچارى لەبازار ئاو دەکڕن.
چەند جارێک سەردانی پرۆژەی ئاوی قەزایەکەیان کردووە تا بزانن کەى کێشەى ئاوەکەیان چارەسەر دەبێت.
بەڵام بەبێ ئومێدی گەڕاونەتەوە، چونکە پرۆژەکە کاری تێدا دەکرێت و تاتەواوبونی ئاوى بەشێکی ماڵەکان هەر بەلێڵی دەمێنێتەوە.
سنورى چۆمان زۆرترین سەرچاوەی ئاوی سازگاری هەیە، لەئێستادا دانیشتوانەکەى گیرۆدەی ئاوێکی پیسن، مەڕدارو کۆچەری و گەشتیار لەگەڵ قوڕولیتەى دەوروبەرى بەفرى تواوەوە ئاوى خواردنەوەیان لێڵ کردووە و بەهۆى پیسى ئاوەکەشەوە چەند نەخۆشیەک لەناو هاوڵاتیاندا سەریانهەڵداوە.
لایەنی پەیوەندیدار لەناوچەکە دەرخستەی پڕۆژەیەکی نوێیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، چاوەڕێی حکومەت دەکەن بودجە بۆ پڕۆژەکە تەرخان بکەن تاکو کێشەی نەبوون و پیس بوونی ئاوی چۆمان لەڕیشەوە چارەسەر بکەن.
یانزە ساڵ لەمەوبەر، حکومەتی هەرێم پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بۆ سەنتەری چۆمان لەهاوینەهەواری پڕژێ لەچیای حەساری سەکران دروستکرد، بەڵام پڕۆژەکە شکستی هێناوە و ماوەی یانزە ساڵە چۆمان کێشەى ئاوى خواردنەوەى هەیە.
ع.م