سەردێڕ:

ئاگرکەوتنەوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان مەترسیی لەسەر سەبەتەی خۆراکی سوریا دروستکردووە

دوێنێ لە قامیشلۆ و ئەمڕۆش لە حەسەکە
فۆتۆ: 
2019-06-11

2227 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ زیادبوونی بازنەی ئاگرکەوتنەوەکان کە بەشێکی دەغڵودانی پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانی سوتاندووە، هەریەکە لە حکومەتی سوریا و هێزە کوردییەکان یەکتریان تۆمەتبارکرد بە بەرپرسیارێتی لە ئاگرکەوتنەوەکان، چاودێرانیش ئاگرەکەوتنەوەکان بە مەترسی دەزانن بۆ سەر سەبەتەی خۆراکی سوریا.

 لەو چوارچێوەیەدا ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، هاوکارییان بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و هۆشداریشی دا لە نزیکبوونەوەی لە هەندێک لە کێڵگە و بیرە نەوتەکانی ناوچەکە لە پارێزگاکە.

گێڕانەوەکانی حکومەتی سوریا بۆ ئاگرکەوتنەوەکان، تۆمەتبارکردنی هێزە کوردییەکانە، وەک خۆی دەڵێت بۆ رێگریکردنە لە جوتیاران کە بتوانن بەرهەمەکانی بە حکومەت بفرۆشن، بۆ ئەوە بە ئیدارەی خۆجێیەتیی کوردی بفرۆشن.

لە بەرامبەریشدا هێزە کوردییەکان حکومەتی سوریا تۆمەتباردەکەن بە نانەوەی ئاگرەکان، کە لە رێگەی بریکارەکانییەوە دەیانخاتەوە، بە ئامانجی بێبەشکردنی کورد لە بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ.

ئەو ئاگرکەوتنەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدایە، بەهۆی بارانبارینی زۆر و درێژیی وەرزی بارانبارین لە باکوری سوریا، چاوەڕواندەکرا بەرهەمی کشتوکاڵ و دانەوێڵەی ئەو ناوچان زۆر زیاتر ببێت لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو تا ڕادەیەکی ئەو هیوا و ئاواتەی هێنایە دواوە.

چاودێرانی دۆخەکە باس لەوە دەکەن، ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردن و کۆکردنەوەی بەرهەمی دانەوێڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە دیاریکراوییش پارێزگای حەسەکە، سەبەتی خۆراکی سورییەکان بەگشتی مەترسیی لەسەر دەبێت بۆ ئەمساڵ.

دەربارەی مەترسییەکان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگرکەوتنەوەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بە "قبوڵنەکراو" ناوبرد و ڕایگەیان، بە هیچ شێوەیەک جێگای قبوڵکردن نییە، مردن بە شێوەیەکی هێواش و لەبرسان بگات بە سورییەکان و سەبەتی خۆراکی دانیشتوانەکەی بکرێتە چەکی جەنگ و بە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ناچار بکات ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن.

لە لایەکی ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگەی پرۆگرامی خۆراکی جیهانییەوە (Wfp) ئاماژەی بەوەش کردووە، بەڕاستی جێگەی قبوڵ نییە نزیکەی شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاوڵاتی سوریای لە سوریا رووبەڕووی مەترسی ئاسایشی خۆراک ببنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ ١٠ی حوزەیران، لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گوندەکانی کانتۆنی قامیشلۆ ئاگر لە چەندین ناوچە کەوتەوە و بە دەیان دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە ناوچەکانی نێوان لەیلان و گردوکا سوتان و، زیانێکی مادی گەورەی بە جوتیارانی ناوچەکە گەیاند.

دوای ئاگرکەوتنەوەکەش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان، بانگهێشتێکی گشتیی ڕاگەیاند بۆ بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

زۆربەی ئەو ناوچانەش کە سوتان و داچێنرابوون بە گەنم و جۆ و چەندین وێستگەی سوتەمەنی و بیرە نەوت و وێستگەکانی کارەباش کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی کە سوتان، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕێگری کراوە لەوەی ئاگرەکە بگاتە ئەو شوێنانە.

ع.م