سەردێڕ:

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پلانی پرۆژەکانی ساڵی ٢٠١٩ی پەسەندکرد

فۆتۆ: 
2019-06-11

1065 جار خوێندراوەتەوە

دوای چوار هەوڵ بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکانی ۲۰۱۹ و ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنەکەدا، بەبێ تەواوبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن، پلانی پرۆژەکان پەسەندکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا تەنها ۱٨ ئەندام ئامادەبوون، بەڵام ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، بە ئیمزای ۲۳ ئەندامی ئەنجومەن کۆنووسەکە پەسەندکراوە، کە هەندێکیان بە وەکالەت ئیمزایان کردووە، هاوپێچ لەگەڵ پلانی پرۆژەکاندا ۱۲۹ تێبینیی لیژنەی پرۆژەکان پەسەندکرا، ئیدارەی پارێزگاش پەیوەستکراوە بە جێبەجێکردنیانەوە.

لە پلانی پرۆژەکاندا ۱٦٨ پرۆژەی پترۆدۆلار هەیە، کە ٥۷ پرۆژەیان جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆیە، هاوکات ٤٥٦ پرۆژەی گەشەپێدانی هەرێمەکان هەیە، کە ۲۹٦ پرۆژەیان جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆیە، کە چاودێری ناکرێت و ڕاگەیاندنی تەندەریش نایانگرێتەوە.

پرۆژەکانیش لەو ٤٤٥ ملیار دینارەی پشکی کەرکوکە لە پارەی گەشەپێدانی هەرێمەکان و ئەو ٥١ ملیۆن دۆلارەی پارەی پترۆ دۆلاری کەرکوک، کە لە هەرێمەوە گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، جێبەجێ دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ۱۰ ڕۆژ مۆڵەتی داوەتە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆئەوەی پلانەکە پەسەندبکەن، یان ئەوەی بەغدا ڕاستەوخۆ پارێزگار سەرپشک دەکات، لە جێبەجێکردنی پلانی پرۆژەکان، بۆیە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگادا پلانەکە پەسەندکرا، بە ئامادەبوونی ١٨ ئەندام کە پێکهاتبوون لە ١٠ ئەندامی کورد و شەش ئەندامی تورکمان و دوو ئەندامی عەرەب.

ع.م