سەردێڕ:

تا ئێستا کابینەکانى حکومەتى هەرێم لە وادەى دیاریکراوى خۆیاندا دەستبەکار نەبوون

فۆتۆ: 
2019-06-11

1370 جار خوێندراوەتەوە

جیاواز لە سیستمە سیاسی و حکومڕانییەکان لە جیهاندا، مێژووى کابینەکانى حکومەتى هەرێم دەرخەرى ئەوەن کە هیچکام لە کابینەکان لە وادەى دیاریکراوى یاسایی خۆیاندا نە دەستیانپێکردووە و نە کۆتاییشیان پێهاتووە، کە زۆرینەیان لە نێوان پارتى و یەکێتیدا بە هاوبەشیی بەڕێوەبراون.

دوای بەڕێوەچوونی یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ بە سەرۆکایەتیى فوئاد مەعسوم پێکهێنرا، کە تا ساڵى ١٩٩٣ لە پۆستەکەى مایەوە.

کابینەى دووەمى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتیى کۆسرەت ڕەسوڵ لە ساڵى ١٩٩٣ پێکهێنرا و تا ساڵى ١٩٩٦ بەردەوام بوو.

دواى ساڵی ١٩٩٦ بەهۆى ڕووداوەکانى شەڕى ناوخۆى نێوان پارتى و یەکێتى و بزوتنەوەى ئیسلامییەوە، حکومەتى هەرێم بۆ دوو ئیدارەی جیاواز دابەشبوو، کە بە زۆنى زەرد و زۆنى سەوز ناسرا.

یەکێتى لە سنورى زۆنى سەوز بەردەوامیى بە کابینەى سێیەم دا و کۆسرەت ڕەسوڵ بوو بە سەرۆک وەزیرانى حکومەتی ھەرێمی کوردستان - ئیدارەی سلێمانی تاکو ساڵی ٢٠٠١.

هاوشێوەى یەکێتى، پارتییش لە سنورى ئیدارەى هەولێر و زۆنى زەرد دا کابینەى سێیەمى بە سەرۆکایەتى ڕۆژ نورى شاوەیس پێکهێنا و تا ساڵى ١٩٩٩ بەردەوام بوو.

دواتر بەرهەم ساڵح لە ٢٠٠١ تاکو ٢٠٠٤ سەرۆک وەزیرانى کابینەى چوارەم بوو لە سنورى زۆنى سەوزدا.

لە ماوەى نێوان ساڵانى ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ عومەر فەتاح سەرۆکى حکومەتى ئیدارەى سلێمانى بووە.

لە زۆنى زەردیشدا نێچیرڤان بارزانى بۆ یەکەمجار بووە سەرۆکى کابینەى چوارەمى حکومەتى هەولێر لە ساڵى ١٩٩٩ تاکو ٢٠٠٦.

لە ٢٠٠٦دا نێچیرڤان بارزانى دواى یەکگرتنەوەى هەردوو ئیدارەى هەولێر و سلێمانى، واتە کابینەى پێنجەمى حکومەت، بوو بە سەرۆک وەزیران و تا ساڵى ٢٠٠٩ بەردەوامبوو.

بەپێى ڕێککەوتنێکى پارتى و یەکێتى لە ساڵى ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢، بەرهەم ساڵح بوو بە سەرۆک وەزیرانى کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێم، دواتر لە ساڵى ٢٠١٢دا پارتى پۆستەکەى لە یەکێتى وەرگرتەوە و بۆ جارى سێیەم نێچیرڤان بارزانى بوو بە سەرۆکى کابینەى حەوتەمى حکومەتى هەرێم تا ساڵى ٢٠١٤.

لە حوزەیرانى ٢٠١٤شدا بۆ جارى چوارەم نێچیرڤان بارزانى بوەوە بە سەرۆک وەزیران و سەرۆکایەتیى کابینەى هەشتەمى گرتەدەست و، کابینەکەى درێژەى کێشا تا ٢٠١٩.

لە مێژووى ٢٧ ساڵى هەشت کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، فوئاد مەعسوم وەکو یەکەم سەرۆک وەزیرانى کابینەى یەکەم کەمترین ماوەى حکومڕانیى هەبووە، کە تەنها یەک ساڵ لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.

هەروەها نێچیرڤان بارزانى زۆرترین کات سەرۆکى حکومەتى هەرێم بووە کە زیاتر لە ١٧ ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە، بە جۆرێک لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵی سەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح لە ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢.