سەردێڕ:

پێش ڕیفراندۆم بارزانی بەڵینیدا خۆی و هیچ خزمێکی کاندید نەبن بۆ سەرۆکی هەرێم

فۆتۆ: 
2019-06-11

9550 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژی ١٦ی ئابی ٢٠١٧، کاتێک هەرێمی کوردستان ٤٥ ڕۆژی لەبەردەمدا مابوو بۆ ڕیفراندۆم، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی عوکازی سعودی وتی، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتوو، نە خۆی، نە هیچ خزمێکی بۆ ئەو پۆستە کاندید ناکاتەوە.

بەڵام لە ئێستادا ئەوەی روودەدات پێچەوانەى قسەکەیەتی، برازاکەی سەرۆکی هەرێمە و کوڕەکەی وەک سەرۆکی حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریکراوە.

دواى نزیکەى دوو ساڵ لەو قسەیەی بارزانى، لە ڕێوڕەسمێکدا کە هەزار و ٢٠٠ میوان بانگهێشتکرابوون، نێچیرڤان بارزانى کاندیدى پارتى سوێندى یاسایى خوارد و لە دواى بارزانى بوو بە دووەم سەرۆکى هەرێمى کوردستان.

بارزانی لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمدا، چەند جارێک باسى دەستبەرداربوونى لە پۆستەکەى کرد، بەڵام لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێ سیاسییەکان، هەموو هاوکێشەکان پێچەوانە بوونەوە.

بارزانی هەر لەو ماوەیەدا چەند جارێک داواى لە لایەنەکان کرد لە نێو خۆیاندا کاندیدێک دیاریبکەن تا ئەویش پۆستەکەى رادەست بکات، بەڵام نەک ئەوە نەکرا، بەڵکو بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکان و لە دواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم سڕکرا و، نیوەی دەسەڵاتەکانی بارزانی بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت شۆڕ کردەوە.

هەرچەندە مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێم بووە، بەڵام هێشتا رۆڵێکى کاریگەری هەیە لەسەر شانۆی ڕووداوەکانی هەرێم و لە سیستمى حکومڕانیشدا پێگەى کوڕ و برازاکەى قایمکردووە.

لە ساڵى ٢٠٠٥ەوە تا ٢٠١٧، بارزانى بەپێى رێککەوتنى ستراتیژی نێوان پارتى و یەکێتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو، لە بەرامبەردا پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ جەلال تاڵەبانی سکرتێری پێشووی یەکێتى بوو.

هەرچەندە بەرپرسانى هەردوولا باس لەوە دەکەن، بە کرداری رێککەوتنى ستراتیژی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستاش کاریگەریى لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان هەیە و، بۆ چوار ساڵى داهاتووش پۆستى سەرۆکى هەرێم و حکومەت لاى پارتى دەبن.

هـ.ع