سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی: سوتانی دانەوێڵەکانی عێراق حاڵەتێکی سروشتییە

دوای سوتانی ٤٠ هەزار دۆنم
فۆتۆ: 
2019-06-11

7496 جار خوێندراوەتەوە

دەربارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەکان لە دەغڵودان و کێڵگە کشتوکاڵییەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حاڵەتێکی سروشتییە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە (١١ی حوزەیرانی ٢٠١٩) لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، "ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە لە کێڵگەی دانەوێڵەکاندا ڕوودەدەن، حاڵەتێکی سروشتییە."

عەبدولمەهدی وتیشی، "ئاگرکەوتنەوە حاڵەتێکی سروشتییە لە هەموو وڵاتانی جیهان و نابێت رووداوەکە گەورە بکرێت."

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ٢٧٣ رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە و نزیکەی ٤٠ هەزار دۆنمیش لە دانەوێڵە و بەرهەمی کشتوکاڵی بەهۆیانەوە سوتاون.

ئەو وتانەی عادل عەبدولمەهدی لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە بەرگریى شارستانیى عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەى یەک مانگى ڕابردوودا ٢٧٢ حاڵەتى ئاگرکەوتنەوە لە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان هەبووە و، بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٧ هەزار دۆنم زەوى و دەغڵودانى جوتیاران سوتاون.

لە ڕاگەیەندراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بەرگریى شارستانیى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ٨-٥-٢٠١٩ تا ٨-٦-٢٠١٩ زیاتر لە ٣٧ هەزار و ٨٦ دۆنم زەوى کشتوکاڵى سوتاون و، ٩٩٢ هەزار و ٣٤٤ دۆنم دەغڵودان ڕزگارکراون لە سوتان.

ڕوونیشیکردەوە، هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکان ٧٤ حاڵەتیان بەهۆى شۆرتى کارەباوە بووە و ٣٥ حاڵەتیان بە ئەنقەست بووە.

ڕۆژی شەشی ئەم مانگەش چالاکانی مەدەنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەند وێنەیەکی یەکێک لە کێڵگەکانی گەنم و جۆی شاری موسڵیان بڵاوکردەوە، کە دەردەکەوێت کەسانی نەناسراو هاوێنە یان "زەڕەبین" کە بە کۆکەرەوەی تیشکی خۆر و ڕووناکی دادەنرێت، لەناو یەکێک لە کێڵگەکانی دانەوێڵەکەدا داناوە، بۆئەوەی بە شێوەیەکی خۆکردانە ئاگر بخاتەوە و، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بسوتێنێت.

ع.م