سەردێڕ:

هاتوچۆی کۆیە داوای داخستنی دوکان و پێشانگاکانی فرۆشتنی ماتۆڕسکیل دەکات

فۆتۆ: 
2019-06-11

910 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە دوو پێشنیاز بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی ماتۆڕسکیلەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر بەرزدەکاتەوە و، داوای داخستنی دوکان و پێشانگاکانی فرۆشتنی ماتۆڕسکیل دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە داواکارییەکی ئاراستەی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، "دوکان و پێشانگاکانی ئەم جۆرە ماتۆڕسکیلانە دەستی بەسەردا بگیرێت و قەدەغە بکرێت، چونکە هاوڵاتی لەکاتی کڕینی ماتۆڕسکیل بێ ئاگایە لەوەی کە قەدەغەیە."

باسی لەوەش کردووە، "تابلۆ بە هەموو ئەو ماتۆڕسکیلانە بدرێت وەک چۆن بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەدرێت، لەپێناو کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو سەرپێچییانەی رۆژانە لەلایەن ماتۆڕسکیلەکانەوە دەکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەشێک لە رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێم بەهۆی ماتۆڕسکیلەکانەوە روودەدەن و، بەشێکی قوربانییەکانیش شۆفێرەکانیانن، لەکاتێکدا بەدەستهێنان و شۆفێریکردنی ماتۆڕسکیلەکان لە رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێم شوێنی بۆ نەکراوەتەوە، هەروەها بەهۆی زۆریی قوربانییەکانیشی، لە ماوەی رابردوودا هاتوچۆی هەرێم شۆفێریکردنی ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتای قەدەغەکرد.

هـ.ع