سەردێڕ:

سەرۆکی دیاریکراوی حکومەتی هەرێم ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ دیاریکردنی کابینەکەی

فۆتۆ: 
2019-06-11

1089 جار خوێندراوەتەوە

دواى تێپەڕبوونى هەشت مانگ و نیو بەسەر هەڵبژاردن، کاندیدى پارتى بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەم لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە بە ٨٧ دەنگ دیاریکرا.

لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە نووسراوی فەرمیی بۆ سەرۆکی هەرێم نێردرا بۆئەوەی مەرسومی ھەرێمیی بۆ دەربکات.

مەسرور بارزانى کە بڕیارە جێگەى نێچیرڤان بارزانى بگرێتەوە متمانەى پەرلەمانتارانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و سۆسیالیست و پێکهاتەکانى بەدەستهێنا.

بڕیارە لە نزیکترین کاتیشدا سەردانى لایەنەکان بکات بۆ تەواوکردنی کابینەکەی و مانگێکى لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی نەکرد لەکاتی دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم، بەڵام لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دیاریکردنى سەرۆکی حکومەت ئامادەبوو.

ئەندامێکى فراکسیۆنى یەکێتى دەڵێت، تا ئیستا هیچ ڕێککەوتنێکى نوێ نییە لە نێوانیاندا و تەنيا نیازپاکیی خۆیان بۆ پارتی دەربڕیوە و تۆپەکەیان خسووەتە یاریگای پارتییەوە.

سەرۆکی دیاریکراوی حکومەت دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا سیڤیی ئەندامانى کابینەکەى ئاراستەی پەرلەمان بکات، تا لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.

فراکسیۆنی گۆڕان بە هەمان شێوەی سەرۆکى هەرێم متمانەی دا بە کاندیدى سەرۆکى حکومەتیش.

فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی کرد، بەڵام دەنگی بە دیاریکردنی سەرۆکی حکومەت نەدا و دەڵێن، ئەوان لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنن و دەنگ بە هیچ کاندیدێک بۆ وەزارەتەکانیش نادەن.

فراکسیۆنی نەوەی نوێش تاکە لایەن بوو کە بەشداریی دانیشتنەکەى نەکرد، ئەوەش بەهۆى ئەوەى دانیشتنەکە درێژەپێدەری دانیشتنی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم بوو.

هاوکات حزبی شوعیش دەنگی بە دیاریکردنی سەرۆکی حکومەت نەدا و پەرلەمانتارێکی یەکێتی و پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش مۆڵەت بوون.

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان چوار لایەنی سیاسی بەشدارن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکان، بەڵام تا ئێستا هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەدەست پارتیدایە و دیارنییە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کەی دەدرێتەوە بە یەکێتی، کە بەپێی ڕێککەوتنەکان پشکی ئەوانە.

ع.م