سەردێڕ:

دادگای عێراق: سزای لەسێدارەدانی داعشە فەڕەنسییەکان کەمنەکراوەتەوە

دادگایکردنی بیانییەکانی ناو داعش
فۆتۆ: 
2019-06-11

1304 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق ڕەتیکردەوە، هیچ رێککەوتنێک لە نێوان بەغدا و حکومەتی پاریس هەبێت بۆ کەمکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو ئەندامە بە ڕەچەڵەک فەڕەنسییانەی ڕێکخراوی داعش، کە لە سوریاوە هێنراونەتە عێراق و دادگایی کراون.

لە بەیاننامەیەکدا عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، "ئەو سزایانەی کە دادگاکانی عێراق سەپاندوویانە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە دەکرێت، هەر ئەوەش خاوەنی دەسەڵاتی رەزامەندییە لەسەر ئەو سزایانەی کە لە دادگای تاوانەکانەوە دەرچووە، بە پەسەندکردن یان رەتکردنەوە، کە بارودۆخی تاوانەکە لەبەرچاو دەگیرێت، نەک ڕێککەوتنی نێوان حکومەتەکان."

ئەو بەیاننامەیەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، وەک وەڵامدانەوەیەکی ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەیە، کە باس لە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و پاریس دەکەن، سەبارەت بە سوککردنی ئەو سزای لەسێدارەدانانەی کە بۆ چەکدارە فەڕەنسییەکانی ناو ڕێکخراوی داعش دەرچووە، گوایە لە بەرامبەریشدا بەغدا بڕێک پارە وەربگرێت، لەکاتێکدا هێشتا ئەو سزایانەی کە دەرچووە لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەکات.

لە لایەکی ترەوە موزەفەر جەریان، پارێزەری یەکێک لە تۆمەتبارەکان ڕایگەیاند، دادگای پێداچوونەوە پابەندە بە پێداچوونەوەی حوکمەکە، بە تایبەت کە ١٢ دادوەر دۆسیەی تاوانبارەکان تاوتوێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەسەڵاتی دادگای پێداچوونەوەیە کە حوکمەکان پەسەند بکات، یاخود کەمیانبکاتەوە، یاخود بیگێڕێتەوە بۆ دادگا بۆئەوەی سەرلەنوێ پرۆسەی دادگاییکردنەکە دەستپێبکاتەوە، بەو پێیەی بۆیدەرکەوتووە بەڵگەکان بەس نین بۆ تاوانبارکردنی ئەو کەسانە، بۆیە بەگوێرەی یاسای عێراقی تاوانبار بۆی هەیە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا تانە لە بڕیارەکانی دادگا بدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە دادگاکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨وە سزای توندی بۆ زیاتر لە ٥٠٠ پیا و ژن دەرکردووە، کە تاوانبارکراون بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی داعش، بەڵام تا ئێستا سزای لەسێدارەدان بەسەر هیچ بیانییەکدا جێبەجێ نەکراوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا دادگای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر ١١ هاوڵاتیی فەڕەنسیدا، کە چەکداربوون لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی داعش و لە سوریاوە هێنرابوونە عێراق بۆ دادگاییکردن.

ع.م