سەردێڕ:

کونسوڵی ئێران: گەمارۆکانی ئه‌مریکا کارناکاتە سەر پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێم

فۆتۆ: 
2019-06-11

1655 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵی ئێران له‌ هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، گەمارۆکانی ئه‌مریکا لەسەر وڵاتەکەی شه‌ڕێکی ده‌روونییه‌ و هیچ کاریگه‌رییه‌ک ناکاتە سەر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێم.

مورته‌زا عه‌بادی کونسوڵی ئێران له‌ هەرێم بە ماڵپەڕی (جام کوردی) راگەیاندووە، "په‌یوه‌ندییه‌کی نزیک و تایبه‌ت له‌ نێوان بازرگانان و چالاکوانانی ئابوریی کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌،" و هیوادارن لە رێگای بەڕێوەبردنی چالاکیی بازرگانی زیاترەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم زیاتر بەرەوپێشبەرن.

باسی لەوەش کردووە، گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا زیاتر له‌وه‌ی که‌ بتوانێت کاریگه‌ریی لەسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت، شه‌ڕێکی ده‌روونییه‌ و "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هیچ کاریگه‌رییه‌ک له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوان ئێمه‌ و هه‌رێم دانانێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشانگای کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیارە رۆژانی ٢١ تاوەکو ٢٥ی حوزەیران به‌ به‌شداریی ده‌یان کۆمپانیا و ناوه‌ندی وه‌به‌رهێنانی ئێرانی له‌ شاری هه‌ولێر بکرێتەوە، یه‌که‌مین و گه‌وره‌ترین پێشانگای بازرگانیی ئێرانە لە هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا چەندین سزای ئابوریی بەسەر کەرتەکانی نەوت و هەناردەکردنی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و، بۆ وەڵامدانەوەی هەر کاردانەوەیەکی ئێرانیش، واشنتن و هاوپەیمانەکانی ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە هەزاران سەرباز و کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی جەنگیی جۆری B2یان لە نزیک ئاوەکانی کەنداو جێگیرکردووە.

هـ.ع