سەردێڕ:

هیندستان.. گوندى کوردى لە ژێر ئاودایە و تەنها یەک مانگ لە ساڵێکدا دەبینرێت

فۆتۆ: 
2019-06-11

10484 جار خوێندراوەتەوە

لە هیندستان گوندێک کە ناوى "کوردی"ە لە ساڵێکدا تەنها یەک مانگ دەبینرێت و ١١ مانگەکەى تر لەژێر ئاودایە.

ماڵپەڕى بى بى سى بڵاویکردەوە، گوندى کوردى لە ولایەتى گواى ڕۆژئاواى هیندستان بۆ ماوەى ١١ مانگ ژێر ئاو دەکەوێت و دانیشتوانەکەشى ڕوویان لە ناوچەیەکى نزیک لە گوندەکەیان کردووە.

ماڵپەڕەکە ڕوونیکردوەتەوە، گوندەکە دەکەوێتە نێوان دوو شاخەوە لە ناوچەیەک کە ڕوبارى سالاولیم پێدا تێپەڕ دەبێت.

بە وتەى دانیشتوانى ئەو گوندە لە دواى ساڵى ١٩٨٦ وە دواى دروستکردنى یەکەم بەنداو لە ولایەتەکە ئاستى ئاو بەشێوەیەک لە ناوچەکە بەرزبوەوە کە بووە هۆى ژێرئاوکەوتنى گوندى کوردى بەتەواوەتى.

ئاماژە بەوەشکراوە، تەنها لە مانگى ئایارى هەموو ساڵێکدا کاتێک ئاستى ئاوەکە نزم دەبێتەوە گوندەکەیان دەردەکەوێت، و دانیشتوانەکەشى بۆ دەربڕینى خۆشى و شادى دەگەڕێنەوە گوندەکەیان.

ژمارەى دانیشتوانى ئەو گوندە زیاتر لە سێ هەزار کەسە و پێش ژێر ئاوکەوتنى بە کشتوکاڵکردنەوە خەریکبوون و کێڵگەکانیان دەکێڵا بۆ چاندن کە بە دارى گوێزهیند دەورەدرابوو.

لەو گوندەدا موسڵمان و مەسیحى و هیندۆسەکان پێکەوە ژیاون کە پەرستگا و کەنیسە و شوێنى ئاینى ئیسلامى تێدابووە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبوەتەوە ناوى کوردى ئەو گوندە لە چییەوە هاتووە.

دانیشتوانى گوندەکە دەڵێن ڕاستە گوندەکەیان ژێر ئاو کەوتووە، بەڵام تەواوى هەرێمى گوا سودى لێوەرگرتووە و بۆیە قوربانیەکانیان لە پێناو خێرێکى گەورەتردابووەو لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت قەرەبویانى کردوەتەوە بە پارچەیەک زەوى و بڕێک پارە.

پڕۆژەى دروستکردنى بەنداوەکە بۆ هەرێمى گوا ئامانجى زۆرى هەیە و لەوانە دابینکردنى ئاوى خواردنەوە بە بڕى زیاتر لە ٤٠٠ملیۆن لیترى ڕۆژانە و هەروەها ئاودێرى و کارى پیشەسازى بۆ هەرێمەکەیان.

ب.ب