سەردێڕ:

گۆڕان: به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی هەڕەشەى له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزوتنه‌وەکە کردووە‌

فۆتۆ: 
2019-06-11

14401 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەنراوێكى لەبارەی رووداوەكەی شەوی رابردووی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان هەڕەشەى له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی کردووە و دواتریش ژمارەیەک هەڵسوڕاوى بزوتنەوەکە دەکەونە بەر تەقەى گروپێکى چەکداریی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "له‌ ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی، دوای ئەوە ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاو له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش و ته‌قه‌ی گروپێکی چه‌کداری به‌ناو سکیوریتی و له‌ ئه‌نجامدا کاکه‌ ( رێبه‌ند فه‌رهاد) شه‌هید ده‌بێت و چه‌ند که‌سێک ده‌ستگیر ده‌کرێن و پاش ماوه‌یه‌ك ئازاد ده‌کرێن."

ڕاشیگەیاندووە، "ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسیارانه‌ ئاسایشی ناوچه‌که‌ و شاری سلێمانی تێکده‌دات. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ توندی ئیدانه‌ی ده‌کات و ئۆباڵی هه‌ر روداوێکی نه‌خوازراو ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی که‌ رێز بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیان و که‌رامه‌تی هاوڵاتیانی کوردستان دانانێن."

بزوتنەوەی گۆڕان داواشیکردووە، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ کۆی هه‌ڕه‌شه‌ و روداوه‌که‌ ده‌کات. پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان رێوشوێنی یاسایی بگرنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردن و رێگه‌گرتن له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و روداوانه‌ و پێویسته‌ تۆمه‌تبارانیش سزای یاسای وه‌ربگرن.