سەردێڕ:

پەکەکە هۆشداریی دایە پارتى

فۆتۆ: 
2019-06-11

38584 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە هۆشداریی دایە پارتى و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕاستبێت پارتى لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژ بە گەریلاکانى پەکەکە ئەنجام بدەن، ئەوا ئەنجامەکەى شەڕ دەبێت.

دوران کاڵکان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانى پەکەکە ئەوەى ئاشکراکرد، پارتى لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا لە ڕێککەوتندایە بۆ گرتنى چەند گرد و چیایەک و تا لەو ڕێگەیەوە ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژى پەکەکە ئەنجام بدەن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "کاتێک دەوڵەتی تورک دەیەوێت چیا بەرزەکان بگرێت، پارتیش دەیەوێت گرد و چیای بەرامبەر ئەوانە لە باشور بگرێت، پارتی دەیەوێت هێڵی گۆشینە، گەوریا بەربزنان، کانی قڕێژ، گردە بڵندەکانی ژوورووی سیدەکان و دەڤەری برادۆست بە پێشمەرگەکانی خۆی بگرێت."

ڕاشیگەیاندووە، "ئەگەر دۆخەکە وەها بێت، ئاشکرا دەبێت کە بەو شێوەیە پارتی و دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لەدژی گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوە دەبەن، ئەگەر قسەکان و ئەو شتانەی دەوترێت ڕاست بێت، ئەوە یارییەکی مەترسیدارە و پارتی دەکەوێتە ناو پیلانێک وەکو ئەوەی ساڵی ١٩٩٧.

ئەو بەرپرسەى پەکەکە هۆشداریی ئەوەشى دایە پارتى، "ئەگەر هەوڵبدات ئەو شوێنانەی کە ناویان هات بیگرێت بە ئامانجی ئەوەی بەرخۆدانی گەریلا و گەل لە بەرامبەر داگیرکاریی تورک لە باشور سنووردار بکات، ئەوە بە واتای ئەوەیە کە دەکەوێتە ناو شەڕ، ئەنجامی ئەم هەوڵدانە شەڕ دەبێت، با هەموو کەسێک بزانێت."

ئ.ر