سەردێڕ:

​سلێمانی.. لە ساڵی نوێی خوێندندا سیستمی یەکپۆشیی خوێندکاران پەیڕەودەکرێت

فۆتۆ: 
2019-06-11

1709 جار خوێندراوەتەوە

لە بڕیارێکی نوێدا، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەدەی سلێمانی، کە گشتاندنی کردووە بۆ پەروەردەی قەزاکان، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ سیستمی یەکپۆشی پەیڕەودەکرێت، بەوەش چیتر خوێندکارانی خوێندنگاکانی سەربە پەروەردەی سلێمانی هەریەکەی جلێک ناپۆشن.

مەریوان عومەر وتەبێژی راگەیاندنی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، سیستمی یەکپۆشی بۆ ساڵی ئایندەى خوێندن بۆ قۆناغی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی و ئیسلامی) بۆ هەردوو رەگەز پانتۆڵ و تەنورەى رەش لەگەڵ کراسی سپی، هەروەها بۆ قۆناغەکانی ٧،٨،٩ بۆ هەردوو رەگەز پانتۆڵی نیلی و کراسی سپی و بۆ قۆناغی یەک تا شەشى بنەڕەتى بۆ هەردوو رەگەز پانتۆڵ و تەنورەی رەساسی و کراسی سپی دیاریکراوە.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، ساڵانى رابردوو بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان سەرپشک کرابوون لە دیاریکردنى جل بۆ خوێندکاران و، لە چەند شوێنێکى دیاریکراویش جلەکان دەفرۆشران.

ئەو کەسانەی کە جلوبەرگى خوێندکاران دەفرۆشن، ئەم بڕیارەی پەروەردە بە گرنگ دەزانن و ئاماژە بەوە دەکەن، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی جۆر و رەنگی جیاوازى جلوبەرگی خوێندکارانەوە کە هەر قوتابخانەیەک جۆرە جلێکیان بۆ خوێندکار دەستنیشانکردووە زیانێکی زۆریان کردووە.

هەرچەندە ساڵانى رابردوو، پەروەردەی سلێمانی هۆشداریی دابوو لەوەى هەر بەڕێوەبەرێک شوێنی کڕینی جلوبەرگ دیاریبکات، ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام بەشێکى بەڕێوەبەرەکان پابەندى ئەو بڕیارە نەبوون.

هـ.ع