سەردێڕ:

یەکەمین لێدوانی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دوای دەستبەکاربوونی

فۆتۆ: 
2019-06-11

2800 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق لە یەکەمین لێدوانی دوای دەستبەکاربوونیدا رایگەیاند، واشنتن پابەندە بە سەرجەم رێککەوتنە ستراتیژییەکانی لەگەڵ بەغدا بەو پێیەی عێراق یەکێکە لە سەرەکیترین هاوپەیمانەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا.

ماسیۆ تولەر باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا پابەندە بە سەرجەم رێککەوتنە ستراتیژییەکانی لەگەڵ بەغدا، بەو پێیەی عێراق یەکێکە لە سەرەکیترین هاوپەیمانە گرنگ و ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، شانازی دەکات بە وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق و، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە بەغدا هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ پشتیوانیکردن لە عێراقێکی دیموکراسی و یەکگرتوو.

تولەر لە ساڵی ٢٠١٤ باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە یەمەن و لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٤ باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە کوەیت، بەر لەوەش لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە قاهیرە و بەغدا و کوەیت و ڕیاز کاریکردووە و، پۆستی جیاجیای وەرگرتووە.

پێشتریش وەک ڕاوێژکاری سیاسی لە باڵیۆزخانەکە کاریکردووە، ماوەیەک جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیی ئەمریکا بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت.

هەروەها جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتیی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بووە لە قاهیرە، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز پۆستی ڕاوێژکاری کاروباری سیاسیی هەبووە، لە قەتەر بووە بە جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە دەوحە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممەش ماسیۆ تولەر نامەی دەستبەکاربوونی وەکو باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پێشکەشی سەرۆک کۆماری عێراق کرد.

هـ.ع