سەردێڕ:

وێنە.. لە ڕۆژئاوای کوردستان سەدان دۆنم دەغڵودان سوتان

بانگهێشتی گشتی کرا بۆ کوژاندنەوەی
فۆتۆ: 
2019-06-10

2269 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گوندەکانی کانتۆنی قامیشلۆ ئاگر لە چەندین ناوچە کەوتەوە و بە دەیان دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە ناوچەکانی نێوان لەیلان و گردوکا سوتان و، زیانێکی مادی گەورەی بە جوتیارانی ناوچەکە گەیاند.

دوای ئاگرکەوتنەوەکەش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان، بانگهێشتێکی گشتیی ڕاگەیاند بۆ بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

بەهۆی هەڵکردنی بایەکی بەهێزەوە ئاگرەکە بە تەواوی تەشەنەی کردووە و دەغڵودان و پوش و پاوانی زۆربەی گوندەکانی کانتۆنی قامیشلۆ سوتاوە.

ئاژانسی هاوار نیوز لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە، بە هەوڵی هاوڵاتییان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و لیژنەکانی بەهاناوەچوونی حاڵەتە کتوپڕەکان و یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"، ئێوارەی ئەمڕۆ توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و لە سەرجەم لایەکانەوە بکوژێنرێتەوە.

زۆربەی ئەو ناوچانەش کە سوتان و داچێنرابوون بە گەنم و جۆ و چەندین وێستگەی سوتەمەنی و بیرە نەوت و وێستگەکانی کارەباش کەوتوونەتە ئەو ناوچانەی کە سوتان، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕێگری کراوە لەوەی ئاگرەکە بگاتە ئەو شوێنانە.

ع.م