سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی قوشتەپە لە زمانی خۆیانەوە

فۆتۆ: 
2019-06-10

2769 جار خوێندراوەتەوە

ئەمە دیمەنی سووتانی دەغڵودانی دروێنە نەکراوی بەرھەمی ئەمساڵی جوتیارانە لە سنوری ناحیەی قوشتەپەی سەربە پارێزگای هەولێر.

سەلام دوای سووتانی بەرھەمی ئەمساڵی گەنمەکەی، بە نیگەرانییەوە ھاتووەتە سەر زەوییەکەی، کە نزیکەی ٣٠٠ دۆنمە و لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بە گەنمی پلە یەک چاندبووی، بۆئەوەی ئەمساڵ بەرهەمێکی باشی لێ دەستبکەوێت، گومانیش دەکات دەستێک لەپشت سووتانی بەرهەمەکەیەوە بێت.

ئاگرەکە لە زەویی جووتیارانی ھەرسێ گوندی پڵینگان و سێبیران و قوشتەپە کەوتەوە و، بەھۆی خێرایی باوە لە ناوچەکە ئاگرەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان زیادیکردووە و، لە دەرئەنجامدا زیاتر لە ھەزار و چوارسەد دۆنمی جووتیاران سوتاون.

شایەتحاڵەکانیش باس لەوە دەکەن کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی درەنگ گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و تەنها یەک تیمیش توانای ئەوەی نەبووە بە زوویی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکات.

ئاگرەکە دوای نزیکەی پێنج کاتژمێر کۆنترۆڵکرا، جگە لە سوتانی دەغڵودانی جوتیاران، زیانێکی زۆری بە کەرەستەکانی جوتیارانی سنورەکە گەیاندووە، جوتیارانیش داوایانکرد، حکومەت کاربکات بۆ قەرەبووکردنەوەیان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران دۆنم زەویی داچێنراو بە گەنم و جۆ و بەرهەمە جیاوازەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان سووتاون و، تا ئێستاش هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکان دەستگیرنەکراوە.

ع.م