سەردێڕ:

کەمترین کەسایەتیی شیعە لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا بەشداربوون

فۆتۆ: 
2019-06-10

3384 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانى کوردستان لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا لە هەولێر ڕێوڕەسمی سوێندخواردنى بۆ نێچیرڤان بارزانى وەکو سەرۆکى هەرێم ڕێکخست، لە ڕێوڕەسمەکەشدا جگە لە نوێنەرى حزبە کوردستانییەکان، نوێنەرى بەشێک لە وڵاتانى دراوسێ ئامادەبوون.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونى نوێنەرى دوو وڵاتى گەورەى سوننەى ناوچەکە بەڕێوەچوو، ئەوانیش هەریەک لە مەولود چاوشئۆغڵو وەکو نوێنەرى تورکیا و سامر سەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری کەنداو بوون.

هاوکات ڕەوتى شیعە لە عێراق و ئێران جگە لە عەممار حەکیم سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی و فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و شاندێکى باڵیۆزخانەى ئێران لە عێراق، هیچ سەرکردەیەکى دیارى دیکەى ڕەوتى شیعەى ناوچەکە لە مەراسیمەکەدا نەبینران، لەکاتێکدا پێشتر پارتى ڕایگەیاندبوو، هەزار و ٢٠٠ كەسایەتیی دیپلۆماسیی جیهانیی لە ئاستە جیاوازەكان، بەشداریی ڕێوڕەسمەکە دەبن.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕێکخستنە پرۆتۆکۆلییەکانى ڕێوڕەسمی سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى ئاماژەیەکى ڕوونە بۆئەوەى دەستپێکى کارەکانى کابینەى نوێى حکومەت، ڕوو لە ڕەوتى سوننەى ناوچەکە دەکات، چونکە بەشداریکردنى هەریەک لە دوو گەورەترین دەوڵەتى سوننەى ناوچەکە کە تورکیا و سعودییەن لەسەر ئاستى باڵا و، هاوکات بەشداریی نەکردنى ئێران لەسەر ئاستى باڵا، وەکو گەورەترین دەوڵەتى شیعە و ئامادەنەبوونى بەشێک لە جەمسەرە گرنگەکانى شیعە لە عێراق، ئاماژەیە بۆ زاڵبوونى سوننەکان  بەسەر سیاسەتى هەرێمدا و پشتگوێخستنى ڕەوتى شیعە و جەمسەرە باڵاکانى عێراق و دەوڵەتى ئێرانیش لێکدەدرێتەوە.

هاوکات لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش شاندی وڵاتان لەسەر ئاستێکی باڵا نەبوون، کە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی دۆخی هەرێم، ئەوە دەگێڕنەوە بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا، بەتایبەتی ئەمریکا، لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

هـ.ع