سەردێڕ:

بەرهەم ساڵح و چاوشئۆغڵو: دەبێت زمانی هەڕەشە لە ناوچەکە دووربخرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-10

2800 جار خوێندراوەتەوە

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و مەولود چاوشئۆغڵو جەختیانکردەوە لە دوورکەوتنەوە لە زمانی هەڕەشەکردن لە ناوچەکەدا.

لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە (١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، لە شاری هەولێر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیی کردووە لە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا و، پێکەوە گفتوگۆیان کردووە دەربارەی دوا پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە.

لە دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لە پێویستیی هاوکاریی و هەماهەنگی و پشتبەستن بە گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەنێوان سەرجەم لایەنەکان، لەپێناو یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا و دوورکەوتنەوە لە زمانی هەڕەشە، بۆئەوەی گەلانی ناوچەکە لە کەشێکی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانیی ئابوریدا ژیان بەسەربەرن.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی ئەو ڕێگایانەی کە دەبنە مایەی بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست بکات.

ئەمڕۆ بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداربوون.

ع.م