سەردێڕ:

وێنە.. لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەش کەس برینداربوون

سلێمانی
فۆتۆ: 
2019-06-10

5218 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، بژار دەباغ

کەمێک لەمەوبەر رووداوێکی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی روویداوە و بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر رووداوێکی هاتوچۆ لە نزیک پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی روویداوە و بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن (١٢٢) و ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتادا روویداوە و، دوو کارمەندی تەندروستی و شۆفێری ئۆتۆمبیلەکەیان برینداربوون.

باسی لەوەش کرد، لە سەرنشینانی تۆیۆتاکەش ژن و منداڵێک و شۆفێرەکەیان برینداربووە و، لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شار گواستراونەتەوە.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان و، ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانلەدەستدەدەن، شۆفێرانیش هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەگەڕێننەوە بۆ خراپیی ڕێگاوبانەکان و نەبوونی ڕێگای دوو ساید لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسانی هاتوچۆش ئاماژە بەوە دەکەن، بەشێکی زۆری ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە.

هـ.ع