سەردێڕ:

نیوزلەندا تەواوی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە

ساڵی داهاتوو
فۆتۆ: 
2019-06-10

1043 جار خوێندراوەتەوە

جاسیندا ئاردێرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا هێزە سەربازییەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە و کۆتایی بە ئەرکەکانی هاوکاری و ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکان دەهێنێت، کە لە شەڕی داعشەوە لەو وڵاتە جێگیرکرابوون.

ئاردێرن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ (١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٢ مانگی داهاتوودا نیوزلەندا دەستدەکات بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی و ئەو پابەندبوونەی کە لە عێراق هەیانبووە کۆتایی پێ دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی تەموزی ساڵی داهاتوودا ژمارەی هێزەکانیان سەرەتا کەمدەکەنەوە بۆ ٧٥ سەرباز و، دواتریش بۆ ٤٥ سەرباز و، پاشان لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا ئەرکەکانیان بە تەواوی لە عێراق کۆتایی دێت.

سەبارەت بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستانیش، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا جەختیکردەوە، هێزەکانیان کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا کاردەکەن، تا مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ کەمدەکرێنەوە بۆ ١١ سەرباز، کە ڕاهێنان بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەفغانستان دەکەن.

ساڵی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بە بڕیارێک، ماوەی کارکردنی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیی لە عێراق تا مانگی تەموزی ئەمساڵ درێژکردەوە.

حکومەتی نیوزلەندا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو هێزە ئەمنی و سەربازییانەی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٥وە هێزەکانی وڵاتەکەی ڕاهێنانی پێ کردوون، گەیشتوونەتە ٤٤ هەزار کەس.

حکومەتی نیوزلەندا لە ساڵی ٢٠١٥ و لە گەرمەی شەڕی دژی داعشدا، لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سوریا، ٩٥ سەرباز و ئەفسەری وڵاتەکەیی ناردە عێراق، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئوسترالیا ڕاهێنانیان بە هێزە عێراقییەکان کردووە.

ئەرکی سەرەکیی هێزەکانی نیوزلەندا، راهێنان بووە لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەک و پشتیوانیی تیمی پزیشکیی لۆجستی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەناو سەربازگەی تاجی لە باکوری بەغدا.

ع.م