سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. نزیکەی هەزار دۆنم دەغڵودان لە سنوری قوشتەپە سوتا

فۆتۆ: 
2019-06-10

4037 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، محەمەد ئەمیر

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند،ئاگرێکی گەورە لە دەوروبەری ناحیەی قوشتەپەی  باشوری ڕۆژئاوای شاری هەولێر کەوتووەتەوە و نزیکەی هەزار دۆنم لە دەغڵودانی ناوچەکە سوتاوە.

شایەتحاڵێک لە شوێنی ئاگرەکە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی ڕاگەیاند، دوو ئوتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەکە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەوە توانای کۆنترۆڵکردنیان نییە.

لە ماوەى سێ هەفتەى ڕابردوودا بەشێکى زۆر لە دەغڵودانى جوتیارانى کورد لە سنورى گەرمیان کەرکوک و خانەقین و مەخمور سوتێنراون، جوتیارانی کوردیش داوا لە سەرکردایەتیى سیاسیی کورد دەکەن لە بەرامبەر سوتانى دەغڵودانەکانیان بێنە دەنگ.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە سوتانی دەغڵودان بووەتە دیاردە و بەرگرى شارستانى عێراقیش ڕایگەیاند، لەماوەى یەک مانگى ڕابردوودا ٢٧٢ حاڵەتى ئاگرکەوتنەوە لەبەرووبومە کشتوکاڵیەکان هەبووە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٧ هەزار دۆنم زەوى دەغڵودانى جوتیاران سوتاون.

ع.م