سەردێڕ:

حەلبوسی: ئەرکی نێچیرڤان بارزانییە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات

فۆتۆ: 
2019-06-10

910 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەرکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمە بەردەوامی بدات بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

وتیشی، "ئێمە وەک پەرلەمانی عێراق پشتگیری  تەواوی نێچیرڤان بارزانی دەکەین لە کارەکانیدا و  ئومێدەوارین بتوانێت سەرکەوتووبێت لە کارەکانی و پەیوەندی باشتریش لەگەڵ ناوەند  دروستبکات".

کەمێک لەمەوپێش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێم لە دانیشتنی پەرلەمان و بە ئامادەیی دەیان کەسایەتی سیاسی دەرەوە و ناوخۆ وەک سەرۆکى هەرێم سوێندی یاسایی خوارد.

ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی کوردستان بۆ سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر کۆبووەوە.

لە بەرئەوەی میوان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بانگهێشتکراون بۆ ڕێوڕەسمەکە و لەناو پەرلەماندا شوێنێکی تایبەت نییە بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا دانیشتنەکەی بەڕێوەبچێت.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش، کاندیدی سەرۆکی حکومەت ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.

ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، لەناو پێنج کاندیددا، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی ٦٨ پەرلەمانتار بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێش بایکۆتی دانیشتەکەیان کرد، هەروەها فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووش دەنگیان نەدا بە هیچ کاندیدێکی سەرۆکی هەرێم.